جەماوەری بەشەرەف و خۆڕاگری شاری #سلێمانی#
لەیادی 234 هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندن و بونیادنانی شاری سلێمانی لەلایەن بابانییەکانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و دانیشتووانی شاری هەڵمەت و قوربانی بەتایبەتی دەکەم، هەڵبەت مەعلومە کە شاری سلێمانی بە بەراورد بە شارە گەورەکانی ناوچەکەو دنیا خاوەنی مێژوویەکی زۆر دێرین نییە، بەڵام هێندەی ئەوان و بگرە زیاتریش لەڕووی خۆڕاگری و تێکۆشان و هەمەڕەنگی پێگەیاندنی زاناو ئەدیب و پیاوچاکان شاعیرو هونەرمەندان و بیرمەندانی مەزنەوە ڕۆڵی مێژووی نوێ و هاوچەرخی ناوچەکەدا هەبووەو هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆیانە کە هەم نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی و هەم پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی بەسەردا بڕاوە.
شاری سلێمانی لەڕووی خۆڕاگریەوە بەدرێژایی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان لەئاست داگیرکەران و دوژمناندا هەمیشە ڕەمزی یاخی بوون و مقاوەمەی شۆڕشگێڕانە بووە لەو ڕێیەشدا بەسەدان و هەزاران لەباشترین ڕۆڵەکانی خۆی بەخشیووە بەتایبەتیش لەتەمەنی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا بەڕابەرایەتی (ی.ن.ک)، ئەمە سەرباری ئەوەی لەپاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 شاری سلێمانی بۆتە مەڵبەندی پێکەوەژیان و کۆکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان و لانکەی دیموکراسی لەناوچەکە.
لەبواری ئەدەبی و کەلتوریشدا بەخششەکانی سلێمانی لەئەژمار نایەن هاوبەشێکی کاریگەربووە لە شارستانێتی ناوچەکە بە گشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە هەم دوژمنانی گەلی کوردستان لەماوەی دەیان ساڵەی حکومڕانی خۆیاندا سزایەکی سەختی ئەمشارە خۆڕاگرو تێکۆشەرەیانداوە بەوەی کە نەیانهێشتووە دەستی ئاوەدانی وەکو پێویست بگاتە شاری سلێمانی هەم لەسەردەمی حکومڕانی خۆماڵیشدا شاری سلێمانی بێ نازییەکی گەورەی پێوە دیارە، بۆیە حەقە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ناوەند، دەستی ئاوەدانی زیاتر بۆ ئەو شارە خۆڕاگرە درێژبکەن و زیاتر ئاوەدانی بکەنەوە.
جارێکی تر لەم یادە پڕشکۆیەدا پیرۆزبایی خۆم دووبارە دەکەمەوە، هیوای گەشەو ئاوەدانی زیاتر بۆ شاری ڕۆشنبیران دەخوازم.
#کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی#
#14-11-2018#