#هەڤاڵ ئەبوبەکر#، پارێزگاری #سلێمانی# ڕایگەیاند، 40 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژە وەستێندراوەکانی سلێمانی خەرجکراوە. دەشڵێت هیچ تێبینییەک لەسەر سێکتەری ئەمنی سلێمانی نییە، ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن دیاردەنین بەڵکو حاڵەتن و لە هەموو شوێنێکی جیهان هەن.
لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەکاتی سلێمانی لە ڕادیۆی ڕووداو، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، ململانێی سیاسیی وایکردووە سەرمایەدار نەوێرێ پارە خەرجبکات، ئەوەش وایکردووە پارە لە بازاڕدا نەبێت و گرانی و بێکاری دروستببێت. گوتیشی بەدرێژایی 234 ساڵ تاوەکو ئێستاش دوو مۆدێل لە سلێمانیدا ململانێ دەکەن، ئەوانیش مۆدێلەکانی مەدەنی و ئەمنین؛ کە یەکێکیان چاوی لە ڕابردووە و ئەوی دیکەشیان چاوی لە داهاتووە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاشکرایکرد، 40 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژە وەستێندراوەکانی سلێمانی خەرجکراوە؛ کە پێکهاتوون لە پڕۆژەکانی ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان، سەوزایی و پرد و چەندانی دیکە. ئەگەر لە داهاتوودا دەسەڵاتی لامەرکەزی بە پارێزگاکان بدرێ، سلێمانی هەنگاوی زۆر گەورە دەنێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد، هیچ تێبینییەک لەسەر سێکتەری ئەمنی سلێمانی نییە، ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن دیاردەنین بەڵکو حاڵەتن و لە هەموو شوێنێکی جیهان ڕوودەدەن، گرنگ ئەوەیە دەوڵەت بەشێک نییە لەو ڕووداوانە و دادگا و هێزە ئەمنیەکان لە پشتییەوە نەبوون.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاشکراشیکرد لە ڕابردوودا زیاتر لە 120 داواکراو، کە چەندین ساڵە ئیدارەی #هەولێر# و سلێمانی پێشتر نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەن، لە سلێمانی دەستگیرکراون.
پارێزگاری سلێمانی جەختی لەسەر گرنگی لادانی خاڵی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە و گوتی لادانی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هێشتا قسەیە و نەبووەتە کردار, لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆ قسەمانکردووە بۆ ئەوەی هەڵبگیرێت، بە هەڵگرتنی ئەو خاڵە گومرگیانە گەورەترین بازاڕ بۆ سلێمانی، هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا دروستدەبێت و بووژانەوەیەکی ئابووری زۆر گەورە دروستدەکرێت.[1]
#14-11-2018#