لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 18 هەزار کەس لە عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە زۆربەیان لە #موسڵ# و #کەرکووک#ەوە هاتوون.
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 18هەزار کەس لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. ئەو خەڵکەی ئاوارە دەبن زۆرینەیان لە موسڵ و کەرکووکەوە دێن و دەڵێن #داعش# لە ناوچەکانماندا چالاک بووەتەوە، زۆرینەی ئەوانەش لە پارێزگای #هەولێر# نیشتەجێبوون.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو؛ لەم وەرزی زستانەدا کێشەیەکی گەورەیان هەیە، ئەویش کۆنی بەشێک لە خێوەتی کەمپەکانە کە پێویستیان بە گۆڕین هەیە.
لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 176 هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق هەن، بەشێکیان لە شارەکان و بەشێکی دیکەشیان لە کەمپەکاندا نیشتەجێ بوون. 29 کەمپ بۆ ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە: 17 لە #دهۆک#، حەوت لە هەولێر و پێنج لە #سلێمانی#.
بەگوتەی هۆشەنگ محەممەد نزیکەی 14هەزار خێوەتی کەمپی ئاوارەکان کۆن بوون و پێویستییان بە گۆڕین هەیە، بەڵام بودجەی پێویست لەبەردەست نییە بۆ گۆڕینیان، بۆیە داوا لە عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هاوکارمان بن بۆ کڕینی خێوەتی نوێ.[1]
#15-11-2018#