هێزە ئەمنییەکانی #سلێمانی# مانگانە دەستبەسەر نزیکەی 17 چەکی بێ مۆڵەتدا دەگرن. ساڵی 2017، 250 پارچە چەک گیراون و شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش 100 چەکی دیکە دەستیانبەسەردا گیراوە.
چەکە بێ مۆڵەتەکان پشکی شێریان لە ئەنجامدانی تاوانەکاندا بەردەکەوێت. لە سنووری پارێزگای سلێمانی ساڵی ڕابردوو 58 کەس کوژراون، کە زۆرینەیان بەهۆی چەکەوە بووە. لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا 28 کەس کوژراون.
سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2014ەوە پێشنیازیان بۆ پەرلەمان و #وەزارەتی ناوخۆ# کردووە لیژنەیەک دروستبکرێ بۆ ئەوەی هەر کەس چەکی هەیە حکومەت لێی بکڕێتەوە. دوای ئەوەش سزای هەڵگرتنی چەک و مۆڵەتی چەک قورس بکرێت، بەڵام قەیرانی دارایی پڕۆژەکەی وەستاند.
ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای سلێمانی 260 ڕووداوی شەڕکردن لای پۆلیس تۆمارکرا کە خەڵکی تێدا بریندار بوو، شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش 128 ڕووداوی دیکە، کە زیاتر لە نیوەی بریندارەکان فیشەکی چەکی بێ مۆڵەتیان بەرکەوتووە.
ئاماری تاوانەکانی پارێزگای #هەڵەبجە#ش بۆ پۆلیسی ئەو شارە دڵخۆشکەرە، چونکە تەنیا سەرەتای ئەمساڵ دوو ڕووداوی کوشتن هەبووە و دەڵێن، دەمێکە لە هەڵەبجە کەسێک بە هیچ هۆکارێک نەکوژراوە.
لە هەڵمەتەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەتیشدا ئەمساڵ پۆلیسی هەڵەبجە 18 پارچە چەکی گرتووە، بەڵام گرفتی گەورەیان کەمی پۆلیسە بەپێی ژمارەی دانیشتووان.
بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە ڕووداوی ڕاگەیاند بەهۆی ڕاگرتنی لەجیاتی دانان کە ئێمە وەک هێزەکانی پۆلیس ژمارەیەک کارمەندمان خۆیان خانەنشین کردووە، ئەوە بووەتە گرفت. هیوادارین پاش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ژمارەیەک پۆلیس بۆ پارێزگاکەمان دابمەزرێت چونکە میلاکی پۆلیسی پارێزگاکەمان کەمە.[1]
#16-11-2018#