رۆژی جیهانی لێبووردەیی
لێبووردەیی، یەکتر قبوڵکردن و پەسندکردنی جیاوازییەکان، لە پێوەرەکانی ناسینەوەی گەل و وڵاتانی پێشکەوتوون، له چوارچێوەی پرەنسیپه سەرەکییەکانی گیانی دیموکراسیشە. هۆکاری سەرەکی سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانیش، بۆ گیانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی لەم هەرێمەدا دەگەڕێتەوە، کە سیمایەکی جوان و شارستانی بە کوردستان بەخشیوە و له ناوچەکەدا کەموێنەیە.
لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان فەرهەنگی هەزاران ساڵەی گەلی کوردستانە، هەوڵی زۆر دراوە بۆ لەناوبردنی ئەم بەها بەرزە، بەڵام لە هیچ بارودۆخێکدا گۆڕانکاری بەسەردانایەت و هەرێمی کوردستان هەمیشە بە ناوەندی پێکەوەژیانی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.
هەموو ئایین و بەها بەرزە ئینسانییەکان جەخت لەسەر پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری تەبایی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی دەکەنەوە، بۆیە دەبێ دامەزراوە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکانیشمان گرنگی زیاتر بەو بوارە بدەن و هاندانی ئەم فەرهەنگە بەرفرەتر بکەن.
#مەسعود بارزانی#
#16-11-2018#