نووسەر: کلێر هەچێت بیشۆپ
گۆران ڕەسووڵ ئەم چیرۆکەی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لە بنەڕەتدا لە یەکێک لە دێرینترین چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چین وەرگیراوە بەناوی دە برای چینی کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مینگ (1368-1644) دا نووسراوە.
بە درێژایی مێژوو ئەم چیرۆکە بە شێوازی جیاواز نووسراوە و گێڕدراوەتەوە کە باس لە چەند برایەکی چینی دەکات هەموویان هاوشێوەی یەکن، بەڵام هەریەکەیان خاوەنی توانایەکی سەرسوڕهێنەرە.
گۆران ڕەسووڵ کە ئەم چیرۆکەی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دەربارەی چیرۆکەکە دەڵێت: ئەگەرچی ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان نووسراوە، بەڵام تێکستەکە هەڵگری مانا و خەیاڵی فراوانی ئەدەبییە، هەر بۆیە هەموو تەمەنێک دەتوانێت چێژ لە خوێندنەوەی وەربگرێت. ئەم کتێبە لەلایەن چەندین ناوەندی ئەدەبییەوە بە یەکێک لە باشترین ئەو کتێبانە هەڵدەسەنگێندرێت کە بۆ منداڵان نووسرابێت.
نیویۆرک پەبڵیک لایبرەری دەربارەی ئەم چیرۆکە دەڵێت: ''گێڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنی حیکایەتێکی کۆنی چینییە''، هەروەها لایبرەری جۆرناڵ لە پەسنی کتێبەکەدا دەڵێت: ''چیرۆکێکە زۆر داهێنەرانە و لێزانانە نووسراوە.'' ئەم چیرۆکە براوەی خەڵاتی لویس کارۆڵە لە ساڵی 1959. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە وەک یەکێک لە چیرۆکە گرینگەکان لەناو سیستەمی پەروەردە و خوێندندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخوێنرێت.