ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق هەناردەکردنی نەوتی #کەرکووک# بە بۆڕی کوردستاندا، دەبێتە خاڵێکی بەهێز بەدەست کوردەوە و هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیش تاوەکو 400 هەزار بەرمیل دەڕوات.
جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بە بۆڕیی کوردستاندا دەبێتە خاڵێکی بەهێز بەدەست پەرلەمانتارانی کورد و ئەو شاندانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی بودجە، بەو کارە خاڵێکی هەرەبەهێز بەدەست کورد کەوت و دەکرێت لە کاتی گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019 و پشکی کورد تێیدا زۆر سوود لەوە ببینن، چونکە بەشێک لە داهاتی عێراق لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.
ئەندامە کوردەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کارە ڕوویەکی سیاسی باشی بۆ کورد هەیە و ئەوە دەردەخات بۆچوونی ئەمریکا لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر گۆڕاوە، دەشڵێت: ڕاستە لە قۆناخی یەکەمدا 50 تاوەکو 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بە بۆڕیی کوردستاندا دەڕوات، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە.
رۆژی 16-11-2018 هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بە بۆڕیی کوردستاندا دەستیپێکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی بەغدا ڕازینین پشکی کورد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2019دا بگەڕێننەوە بۆ 17%.
هەروەها لایەنە کوردستانییەکان گفتوگۆی ئەوە دەکەن بودجەی هەرێمی کوردستان لایەنی کەم لە 10ملیار دۆلار کەمتر نەبێت، کە دەکاتە نزیکەی 15%ی تەواوی پڕۆژەیاساکە.
دوای ساڵێک لە ڕاگرتنی بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆڕی کوردستانەوە.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند بوو کە، لە ڕۆژی هەینییەوە (16-11-2018) نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، سەرەتاش ڕۆژانە لەنێوان 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
دوای سەپاندنی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، ئەمریکا دژی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بوو بۆ ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیری ڕێککەوتنی #هەولێر# و بەغدای دەکرد بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی تورکیاوە.
لە نوێترین لێدوانیشیدا جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەتوانێت داهاتی ونبوو بۆ خەڵکی عێراق و خزمەتگوزارییەکان بگەڕێنێتەوە و، عێراق بکاتە وڵاتێکی سەربەخۆ لە ڕووی وزەوە.[1]
#17-11-2018#