دوای بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی غازەوە لە بری گاز، ئێستا بڕەکە بۆسەر تۆڕی نیشتمانی کارەباری هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، هەر پارێزگایەکیش بەپێی ڕێژەی خۆی بڕە زیادەکەی بەردەکەوێت، بەمەش پێدانی کاژێری کارەبای نیشتمانی تا ماوەی سێ بۆ چوار مانگی دیکە بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ زیاددەکات.
سامان بەشارەتی، پەیامنێری ڕووداو لە #سلێمانی# ڕایگەیاند، لەوکاتەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی گۆڕینی بەرهەمهێنانی کارەبای لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی گازەوە گۆڕی بۆ غاز، پلانەکە سەرکەوتووبووە لەبەرئەوەی هەم تێچووەکەی کەمترە، هەم بڕەکەی و هەمیش لەڕووی ژینگەییەوە گونجاوترە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی، کارەبای هەرێمی کوردستان بەیەک تۆڕ بەستراوەتەوە، زیادبوونی کارەبا لەسەر تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 1100 مێگاوات زیادیکردووە.
پەیامنێری ڕووداو دەڵێت، پشکی پارێزگاکان لە دابەشکردنی بڕی کارەبا لە تۆڕی نیشتمانییەوە 34% بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت، نزیکەی 40% بۆ پارێزگای #هەولێر#، 24%ی بۆ پارێزگای #دهۆک# و 4-5% بۆ #گەرمیان# دەبێت، واتە هەر زیادبوونێک لە بەرهەمهێنانی کارەبا بڕەکە بۆ هەمووان وەکو یەک زیاددەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە پارێزگاکە 12 کاژێرە، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕە مێگاواتەی لەسەر تۆڕی نیشتمانی زیادیکردووە کە 1100 مێگاواتە ناتوانرێت بە یەکجار دابەشبکرێتە سەر کارەبای پارێزگاکان، لە قۆناخی یەکەم لە مانگی 12، 300 مێگاوات زیاددەکات، لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بڕەکە دەگاتە 450 مێگاوات، واتە قۆناخ بە قۆناخ ڕێژەکە زیاددەکات، تاوەکو مانگی 2 ئەو 1100 مێگاواتەی زیادبووە، دەچێتە سەر تۆڕی نیشتمانی و لەوێش بەپێی ڕێژەی دیاریکراو دەدەرێت بە پارێزگاکان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەست ڕووداو کەوتووە، ئەمساڵ لە پارێزگای سلێمانی ڕەنگە گرفتی کارەبا وەکو ساڵانی پێشووتر نەبێت، چونکە ئامادەکاری باشکراوە و ژمارەیەکی باشیش گۆڕەر (محاویلە) کڕدراون بۆ ئەوەی گرفتی گۆڕینی ئەو گۆڕەرەرانە نەبێت کە بەهۆی لۆدەوە دەسووتێن.[1]
#19-11-2018#