لە ماوەی ڕابردوودا هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆی چەندین ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو بوویەوە، ئەوەش نیگەرانیی هاوڵاتیان و چالاکوانانی لێکەوتووەتەوە و داوادەکەن حکومەت ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لەو دیاردەیە بگرێتەبەر.
بەپێی ئامارێک، کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە تەنها لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراوە، زۆرترین حالەتیش لە سنوری پارێزگای #هەولێر# بووە، کە نزیکەی شەش حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن بووە.
ئارام سەردار، کۆمەڵناس و توێژەری کۆمەڵایەتی، لەبارەی زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: هۆکاری زیادبوونی کوشتن و خۆکوشتن، بوونی چەکە لەدەستی هاوڵاتیاندا و بوونی قەیرانی دارایی و نەبوونی هۆشیاری پێویستە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
هەروەها وتیشی: پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاند و مامۆستایانی ئاینی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەڵمەتی هۆشیاری بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە گوێبستی ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن نەبینەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەو توێژەرە کۆمەڵایە ئاماژەی بە ڕیکارەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن کرد و وتی: لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستیپێکردبوو، ئەوە کارێکی باش بوو، تواندرا دەست بەسەر چەکێکی زۆردا بگرن، تا ڕادەیەک ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکشتنیش لەو ماوەیەدا کەمیکردبوو، بەڵام خەریکە جارێکی دیکە ڕووداوەکان سەرهەڵبدنەوە، بۆیە پێویستە هەڵمەتەکە بەردەوامی هەبێت.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: هەتاوەکو ئێستاش کەسانێک هەن لە سەرووی دادگاکانەوەن، دەتوانن سوڵحی عەشایری بکەن و تاوانباران داڵدەبدەن، هەروەکو چۆن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پۆلیسی هەولێر و #سلێمانی# یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە داڵدەدانی تۆمەتباران، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هۆکارێکن بۆ زۆربوونی ڕووداوەکان.
وتیشی: ئێمە دەمانەوێت لە کۆتایی ئەمساڵ کۆنفراسێکی نشتیمانیی ئەنجامبدەین، بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی لایەنەکانی وەک پۆلیس و ئاسایش و ئەنجومەنی دادوەریی و #وەزارەتی ناوخۆ# بانگێشتی کۆنفراسەکە بکەین، بە ئامانجی ئەوەی بتوانین ڕێگا چارەیەک بۆ دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێ موڵەت و دیاردەی چەکداری لە نێو شارەکان بدۆزینەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەوە دەخەینە بەرباس، کە بۆچی دەبێت هاوڵاتی ئاسایی چەکی هەبێت.
بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 199ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە هەڵگرتنی چەک، هەر هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان، کە تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت و لە ڕووی تەندروستی و دەروونییەوە کێشەی نەبێت و سزا نەدرابێت، هاوکات هۆکارێکی باوەڕپێکراوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک، مۆڵەتی پێدەدرێت، بوونی ئەم یاسایەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان بتوانن مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بەدەست بهێنن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەوەی بە ئاسانی چەک لە بازاڕدا دەست دەکەوێت زۆر هاوڵاتی بێ بوونی مۆڵەت چەک دەکڕن و بەکاری دەهێنن.
هەروەها زۆربەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە پۆلیسی هاتووچۆشەوە چەکیان پێدراوە، یان ڕێگایان پێدراوە چەک بکڕن، کارمەندانی ئەم هێزانە دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی چەکەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە ماڵەوە، هەرچەندە پێشتر لەسەر پێشنیازی بەشێک لە چالاکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی #پێشمەرگە# کرابوو، کە بردنەوەی چەک بۆ ماڵەوە قەدەغە بکرێت، بەڵام بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە تا ئێستا ئەوە جێبەجێنەکراوە.
هەموو ئەو هۆکارانە بووەتە هۆی ئەوەی چەکی بێ مۆڵەت و چەکی بە مۆڵەت لە نێو کۆمەڵگا و خێزانەکاندا هەبێت، ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی دیاردەی کوشتن و خۆکوشت دەزاندرێت.[1]
#19-11-2018#