پڕۆژەیەکی پەرەپێدانی پاوانی دەستکرد بۆ ژمارەیەک گوندی پارێزگای #سلێمانی# دەکرێت و لێپرسراوی هۆبەی پاوانیش ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەکە دابینکردنی تۆوی وێنجە و پەینی کیمیاییە و دەبێتە سەرچاوەیەکی هەرزان بۆ دابینکردنی ئاڵف و دواجاریش سودێکی ئابوری زۆری دەبێ بۆ جوتیاران.
ئەمڕۆ دووشەممە 19-11-2018 بەرێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، پرۆژەیەکی گرنگی بۆ خزمەتکردنی جوتیاران و ئاژەڵداران و خاوەن کێڵگەکانی گاوداری دەستپێکرد.
لەوبارەیەوە سەروەر مەجید لێپرسراوی هۆبەی پاوان ڕایگەیاند: ئەمرۆ دەستمان کرد بەپرۆژەی پەرەپێدانی پاوانی دەستکرد کەتێیدا 137 جوتیار لە 36 گوند لە 10 قەزا و شارەدێی جیاوازی سەر بەپارێزگای سلێمانی و #چەمچەماڵ# لێی سودمەند دەبن.
وتیشی: پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت، کەخۆی دەبینێتەوە لەدابینکردنی تۆوی وێنجە و پەینی کیمیایی بۆ جوتیاران و ئاژەڵداران و خاوەن کێڵگەکانی گاوداری لەسنوری پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ.
لێپرسراوی هۆبەی پاوان ئاماژەی بەوەشکرد: کەتیمەکانیان لەمڕۆوە دەستیان بەکارکردن کردووە و بەپێی بەرنامەیەکی تایبەت سەردانی ئه و ناوچانە دەکەن کەپێشوەخت لەسەر داواکاری جوتیاران و بەپێی پلانی هۆبەکە دەستنیشان کراوە.
وتیشی: جیاواز لەساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ تۆوی وێنجەی تورکی دابەش دەکرێت بەسەر جوتیاراندا کەرێژەی چاندنی بەرزە و پاک و خاوێن و پارێزراوە لەهەر گرفتێکی وەک تێکەڵبونی تۆوی مشەخۆرەکانی وەک حامول.
جێی ئاماژەیە گرنگی چاندنی وێنجە لەوەدایە کەرووەکێکی بەتەمەنە و 6 تا 7 ساڵ دەمێنێتەوە و ساڵانە 8 بۆ 9 جار لێی دەبڕرێتەوە و بۆ هەر دۆنمێک نزیکەی 2 بۆ 3 تۆن بەرهەم دەدات، واتە لەساڵێکدا 20 بۆ 25 تۆن بەرهەمی ئالف دەدات ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ بەرهەمهێنانی شیر.
سەروەر مەجید لێپرسراوی هۆبەی پاوان لەبەرێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی ئه و بەرهەمە زۆرەی کەوێنجە دەیدات، دەکرێ جوتیاران سودی لێ ببین و ڕووبەرێکی زۆری لێ بچێنن تا ببێتە سەرچاوەیەکی هەرزان بۆ دابینکردنی ئاڵف بۆ ئاژەڵەکانیان کەئەمەش دواجار سودێکی ئابوری زۆری دەبێ بۆ جوتیاران.[1]
#19-11-2018#