لە هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی کتێب کەمیکردووە، نوسەرێک، لاوازیی فەلسەفەی حوکمڕانی و زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای حزبی و قەیرانەکانی هەرێم، بە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی خوێندنەوە دەزانێت، گومانیشی هەیە ئەگەر دیوانەکەی گۆران-ی شاعیر لەچاپبدرێتەوە، 10 دانەی لێنافرۆشرێت.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەوەی ڕۆژنیوز لە کتێبخانەکانی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، ڕێژەی سەردانیکەرانی کتێبخانەکان بە ڕادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، ئەمەش نیشانی دەدات، کە ئاستی خویندنەوە زۆر دابەزیوە.
بەنمونە لە کتێبخانەی ئاوێر، کە سەر بە ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەیە و یەکێکە لە گەورەترین کتێبخانەکانی ئەو شارە، ڕۆژانە 15 تا 20 کەس سەردانی ناوەند و کتێبخانە دەکەن، کە وەک حەسەن عەلی، بەرپرسی کتێبخانەکە باسی دەکات، مەرج نییە هەمووشیان بۆ کڕینی کتێب و خوێندنەوە سەردان بکەن، ڕەنگە تەنیا بۆ گفتوگۆکردن و دیدار بچنە کتێبخانەکە.
حسێن عەلی، بەراوردی ئێستا و ساڵی 2013ی کرد، کە بەپێی وتەکانی ئەو لە ساڵی 2013 ڕۆژانە 300 تا 500 کەس سەردانی ناوەند و کتێبخانەکەیان دەکرد، کە ئەمە نیشانی دەدات ڕێژەی خوینەر تا ئاستێکی زۆر دابەزیوە.
حسێن عەلی، هۆکاری کەمبوونەوەی خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و شەڕی #داعش#، کە هاوڵاتیانیان سەرقاڵ کردووە و لە خوێندنەوە دووری خستوونەتەوە.
بەرپرسی ناوەندی ئاوێر ڕەخنەش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەگرێت و پێیوایە، کە نەیتوانیوە پرۆژەی باشی هەبێت لەو ڕووەوە، دان بەوەدا دەنێت کە هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان وەزارەت و ناوەندەکەیاندا نییە، لەو بارەیەوە وتی:کاتێک وەزارەتی ڕۆشنبیریی دێنە لامان باسی زۆر پرۆژە دەکەن، بەڵام دواتر زۆر کەم دەیانبینینەوە، تەنها لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکانی کتێب دەیانبینیینەوە، ئەگەر نا هیچ هەماهەنگییەکمان نیە.
هەروەها، مومتاز حەیدەری، ڕووناکبیر و نووسەر کۆمەڵێک هۆکاری بۆ کەمبوونەوەی خوێندنەوەی کتێب باسکرد، پێی وایە، فەلسەفەی حوکمرانی لاوازە، ڕۆشنبیران دابەشبوون، ئایدۆلۆژیای حزب زاڵکراوە و هەموو بەدوای بەرژەوەندیی خۆیان کەوتوون، بۆیە ڕەوتی ڕۆشنبیریی و خوێندنەوەی کتێب تووشی قەیران بووەوە.
ئەو نووسەرە، نییگەرانە لەوەی، بەهۆی ڕەوشی نالەباری هەرێمی کوردستان نەتوانراوە ڕەوتی ڕۆشنبیریی و خوێنەرانی کتێب لەگەڵ سەردەمی خۆی بڕوات و وتی:پێشتر لەگەڵ ئەوەی کە دوەژمنان هەوڵیانداوە کتێب نەگاتە باشوری کوردستان، بەڵام ڕۆشنبیرە گەورەکانی کورد لە ئەستەنبوڵەوە هاتنەوە باشور، وەک پیرەمێرد و مستەفا پاشای یاموڵکی و کۆمەڵێک کەسی دیکەی گەورە کە دەستیاندایەوە شۆڕشی ڕۆشنیبریی، لە ساڵانی دوای 1975-ی سەدەی ڕابردووش دەسەڵاتی بەعس هەموو هەوڵێکیدا بۆ ئەوەی ڕەوتی ڕۆشنبیری کپبکاتەوە، بەڵام هەر بەردەوامی دراوە بە ڕەوتی ڕۆشنبیریی.
مومتاز حەیدەری بە ڕەخنەوە ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە زانکۆ و خوێندنگا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەڵام کەمترین خوێنەری کتێبمان هەیە، بۆیە ئەگەر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دیوانی مامۆستا گۆران 30 هەزار دانەی لێ چاپکراوە و فرۆشراوە، ئێستا چاپ بکرێتەوە، 10 دانەی لێنافرۆشرێت.[1]
#20-11-2018#