نزیکەی نۆ هەزار دانیشتووی #خورماتوو#، کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارەی #گەرمیان# بوون، تائێستا لە گەرمیان ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە خورماتوو.
بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند نزیکەی نۆ هەزار کەسی خورماتوو، کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئاوارەبوون، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ماونەتەوە و لەبەر چەند هۆکارێک تاوەکو ئێستا ئامادەنین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
بێستوون ژاڵەیی هۆکاری نەگەڕانەوەیان ڕووندەکاتەوە و دەڵێ هەندێکیان #پێشمەرگە#ن و ناتوانن بگەڕێنەوە، هەندێکی دیکەیان خانوویان تەقێندراوەتەوە و هەندێکی دیکەشیان دڵنیانین لە سەلامەتی خۆیان لە خورماتوو.
سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانیش بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان گوتی هەندێکیان لەگەڵ خەڵکی سنوورەکە تێکەڵاوییەکی باشیان دروستکردووە و دەستیان بە کار و کاسبی کردووە، هەندێکی دیکەیان فەرمانبەری حکومەتن، بەڵام بەشێکیشیان لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا دەژین و پێویستییان بە هاوکارییە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی جەماوەری خورماتوو لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەدواوە: 88 خانوو لە خورماتوو تەقێنراونەتەوە، زیاتر لە 300 ماڵیش سووتێنراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 ماڵ تاڵانکراون. دوو بازاڕی گەورەی قەزاکەش بەتەواوی دوای تاڵانکردنیان، سووتێنراون.
لەگەڵ ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، تەواوی کوردانی خورماتوو شارەکەیان جێهێشت. 50%یان بەپێی داتای ڕێکخراوی جەماوەری خورماتوو کە لە #09-03-2018# بڵاوکراوەتەوە، گەڕاونەتەوە قەزاکە.[1]
#20-11-2018#