سەبارەت بە دیاری کردنی پارە بۆ سیخۆری کردن لەسەر ڕێبەرایەتی پ ک ک
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە 6ی نۆوامبری 2018، بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک بڕی 12 ملیۆن دۆلاری پارە بۆ کەسانێک کە شوێنی سێ کەس لە ڕێبەرانی پ ک ک ئاشکرا بکەن دیاری کرد. ئه و بڕیار بە عەمەلی واتایەکی هەبێ یا نەیبێت، پەیامێکی ڕوونە، لە لایەکی دیکەوە بۆ دەوڵەتی تورکییە لە لایەکەوە و دەرسێکی بۆ جەماوەری خەڵکی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێدایە
دەوڵەتی ئەمریکا پێویستی بەوەیە کە ساردییەک وا لەم دواییانەدا لە نێوان دەوڵەتی تورکییە و ئەمریکادا پێکهاتبوو، چارەسەر بکات و تورکییە لە هاوکاری لەگەڵ ڕووسییە دوور بخاتەوە. بۆ ئه و مەبەستەیە کە دەرگای بۆ دەوڵەتی تورکییە لە ڕۆژئاوا خستووەتە سەر پشت و چاوپۆشی لە داگیرکاریەکانی سوپای تورکییە له و ناوچەیە دەکات. تۆپاران کردنی ئەم دواییانەی کۆبانی و دێهاتەکانی دەورووبەری کە دەتوانێت سەرەتایەک بێ بۆ دووپات بوونەوە سیناریۆی #عەفرین#، بە بێ چاوپۆشی ئەمریکا نەکراوە. ئەوە ڕاستییەکی سادەیە کە بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی تورکییە یەک دەگرێتەوە و بزووتنەوەی ڕۆژئاوا بۆ ئەمریکا تەنیا وەک ئامرازێک بەکار دێت بۆ ئەوەی پێگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فۆرات بۆ ئەمریکا دابین بکات و شەڕی دژ بە #داعش# لە کۆڵ سەربازانی ئەمریکایی بکاتەوە
ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی ئەمریکا لە هەمان کاتدا دەرسێکی بۆ جەماروەی خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان تێدایە و ئەزموونێک دەخاتە سەر هەموو ئەزموونەکانی تا ئێستای بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کورد و هەموو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە لە دنیا، ئەوەیش ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا نیهایەتەن بەرژەوەندی خۆی لە هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی سەرکوتگەری خەڵکی کورد لە ناوچەکەدا دەبینێتەوە. ئەم ڕووداوە وەکوو گەلێک نموونەی دیکە نیشانی دا کە خولانەوەی ئەم حیزب و ئه و حیزبی کوردستانی بەدەوری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خۆشەویستییەکی یەک لایەنەیە و نەک بۆ میللەتی کورد، بەڵکوو تەنانەت بۆ حیزبەکەشیان هیچی لێ شین نابێتەوە. لەڕاستیدا هەر چەشنە خۆش باوەڕییەک بە هەڵوێستی ئەمریکا لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێچەوانەی هەموو ئەزموونەکانی تا ئێستایە و زەربە لە خەباتی خەڵکی کورد بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس دەدات
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە دیاریکردنی پارە بۆ ئاشکرا کردنی شوێنی ڕێبەرانی پ ک ک، بە توندی مەحکووم دەکات. ئێمە دڵنیاین که ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی ئەمریکا نەفرەت و بێزاری ئازادیخوازانی لەئاستی نێونەتەوەیی و خەڵکی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
17ی خەزڵوەری 1397 هەتاوی
#09-11-2018#