عادل شاسواری
چاپی یەکەم
ناخۆشی بەر لە بەخشش وەک برسێتی بەر لەخواردنە، لەسایەی ناخۆشیەوە پلەو پایە زیاد ئەبێ ، لە خواردنیشەوە چێژ. سیوطی لە کتێبی (الارج في الفرج) دا ئەیسەلمێنێ : کە ڕەنج و چەرمەسەری ئەبێتە مایەی خۆشبەختی، بەڵاو مەینەتیش قازانجی وا سەرسوڕهێنی لێئەکەوێتەوە مەگەر هەوری مەینەتیەکە بڕەوێتەوە جا دەرکی پێ بکرێت.
نهێنی دڵئارامیی هەر لەبووندا نیە.. هەروەک خوا هەر لەخانووی قوڕیندا نیە، هەر لەکۆڵانە تەنگەکان و لەناو گرفت و نەخۆشیەکاندا نیە، گەر سوپاسگوزار بی لە هاوینەهەوارو ڤێلاو دەربەند و ژێر سپلێت وسەر بورجی مدورو سەرجەم شوێنە دڵڕفێن و خۆشگوزەرانەکانیشدا دیسان هەیە.گرفتەکان هەمیشە یەک یەک چارسەریان هەیە، باران دڵۆپ دڵۆپ جوانە مەهێڵە ببێت بەلافاوو ڕاتماڵێ .
زانایەک ئەڵێ : (هەرچیەک دێتە ژیانتەوە خۆت ڕایئەکێشی، ئەویش بەهۆی ئەو وێنە خەیاڵیانەی لای خۆت دروستتکردووە، کەئەو وێنانەش هەمان بیر و هزرەکانی تۆن، بیر لەهەرشتێ بکەیتەوە بۆلای خۆتی ڕائەکێشی) یاسای ڕاکێشکردن لەبەرامبەر ئەو هەستەی کەسەبارەت بە وتارو بیرەکانت هەتە کاردانەوەی هەیە. هەر بۆیە ئەبێ جارێکی تر بەئەتڵەسی ژیانتا بڕۆیتەوە بزانی چ بیانوویەکت داوە بەدەستەوە و لەبێ موبالاتیەوە بەبچوکت زانیوە، بەڵام لەراستیدا بووەتە موگناتیس و ئەوکێشەیەی بۆلای خۆی ڕاکێش کردووە، موگناتیسەکە لێبکەرەوە کێشەکەش ئەچێتەوە یەک و نامێنێ .
لەزانایەک ئەپرسن قورسترین شت چیە لە ژیاندا؟ ئەڵێ : خۆت بناسی. ئەڵێن: ئەی ئاسانترین شت؟ ئەڵێ : ئامۆژگاریکردنی خەڵک! جا من پێم وایە گرنگی ئەو جۆرە کتێبانەی کە جۆرێ لە فیکرەی ڕێبەریکردنی ژیان و ئامۆژگارێکی ئەتەکێتیان تیایە، هەرلەوەوەیە کە ببنە نیشاندەری ڕێگا و هۆکارێک بۆ هەرچی باشتر ژیانگوزاری، ئەگینا خۆشبەختی ڕاستەقینە تەنها بەخششی خوای گەورەیە، تەنانەت ئەوانەشی کەزۆر لەخۆیان ڕازی بوون و پێیان وابووە – یان خەڵک پێی وابووە – هێندە لەژیان گەیشتوون ئەتوانن ئامۆژگارێکی زۆرباش و سەرکەوتووی خەڵک بن، مەرج نیە خۆیان لەممارسەرکردنی ژیانێکی نموونەییدا بن، نموونەی وایان تیایە کەلەواقیعی خۆیدا ئەوکەسە نیە کەلە تریبۆنە جەماوەریەکاندایە، بەو نەغمەیەی خاڵژمێری خۆشبەختی ئەکا نەژیاوە، یادی بەسوێ و ئاکامی دڵتەزێنی باسکاری جیهانی بۆ ژیاندۆستی (د. دیل کارنگی) بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کەژیان بەو چەشنە سادە نیە.مێژووی زاخ و دیرۆکی گرێ و فەرهەنگی زوخاڵ مەشهەدچنێکی بە لاپەڕەکانی تەمەن سپاردووە ئەوەی ویردی سەر زمانی (حسبي الله ونعم الوکیل) نەبووبێ مەحاڵە ئیبراهیم ئاسا – سەلامی خوا لە باوکی پێغەمبەران و لەنەوەزای ئازیزی محمدالمصطفی بێ – توانیبێتی لەو تەلبەندی زام و نسکۆیە بێ ئارەق دەرچێ .
گەر لەڕوانگەی قەزاو قەدەریشەوە سەیری خۆشبەختی بکەین، ئەوا وەک ئیمام جەعفەری صادق ئەفەرموێ : [بۆ لایەنی خێر، زانیویەتی، قەزای کردووەو تەقدیری کردووە و ویستوویەتی و مەیلی لێبووە، پێی خۆش بووە و پێی ڕازییە. بۆ شەڕ و خراپەش: زانیویەتی، قەزای کردووەو تەقدیری کردووە و ویستوویەتی و مەبەستی بووە، بەڵام پێی ڕازی نەبووە و پێی خۆش نییە].