بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
سەفەر بۆ ڕێککەوتنی پاریس
لە هەڤاڵانی یەکێتی نەوشیروان مستەفا، دکتۆر فوئاد مەعسوم، سەرچڵ قەزاز بوون. منیش مۆڵەتم وەرگرت بچم سەرێک لە منداڵەکانم بدەم لە هۆڵەندا. پاش ئەوەی لە هەولێر کۆ بووینەوە، تەیارەی هەلیکۆپتەر هات، تەیارەی تورکی بوو. لە هەولێر سواربووین و چووە سەری ڕەش نیشتەوە. لەوێش لە برادەرانی پارتی (سامی عەبدولڕەحمان و موحسین دزەیی)ی هەڵگرت. هەر هەموومان لە یەک هالیکۆپتەردا بووین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە بڕۆین بۆ فەڕەنسا بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکی و شەڕە. گەیشتینە سلۆپی و لەوێشەوە بۆ دیاربەکر. دوایی سواری تەیارەی مەدەنی بووین بۆ ئەنقەرە. کە گەیشتینە ئەنقەرە، کاک شازاد سائب لە فڕۆکەخانه چاوەڕوانی دەکردین. من پرسیارم کرد تەیارە هەیە بۆ هۆڵەندا؟ وا ڕێکەوت هەبوو، من لێیان جیا بوومەوە و خواحافیزم لێکردن، هەر ئه و ڕۆژە گەیشتمە هۆڵەندا و ئەوانیش ڕۆژی دوایی چووبوون بۆ فەڕەنسا.
ڕێککەوتنی پاریس جێبەجێ نەکرا، لەبەر ئەوەی هێشتا وەفدەکە نەگەڕابۆوە، ئەوەی لە کۆبوونەوەکان باس کرابوو لە دانیشتنەکان، لای تورکەکان هەبوو، ناڕازی بوون و وتبوویان ئێوە چوون دەوڵەتی کوردی دروست بکەن، یان خۆتان ڕێک بکەون؟ بەداخەوە لە سەردەستی پیاوێکی گەورەی وەک فرانسوا میتران جێبەجێ نەبوو، هەردوو وەفد گەڕانەوه و شەڕ بەردەوام بوو، ئەوەی ڕاستی بێت، لە هەموو ناوچەی شەڕەکان شەڕەکە گەرمتر بوو، بەتایبەت لە پشدەر و خۆشناوەتی، له و شەڕانەدا پارتی و ئیسلامیەکان و پشتیوانی جیرانەکانیشی تێدا بوو. پاش جەولەیەکی تری شەر، ڕێک کەوتن سەری هەڵدایەوە.
چوون بۆ ئیرلەندا و ڕێککەوتنی دبلن
ئەمیش لە پاریس باشتر نەبوو، هەندێک مەرجیان دانا بوو، کە دژی پێکاکا بوو. تورکەکانی تێدابوو، داوایان کردبوو کە لە دژی شەڕ پێکاکا بکەین، قبوڵمان نەکردبوو. درێژەکێشانی ئەم شەڕە وەزعێکی ناخۆش بوو بۆ هەمووان. ئەو کاتە شاری هەولێر و چەند جێگەی تریش بەدەست ئێمەوە بوو. چەند هێرش بۆ سەر هەولێر شکستی هێنا، هەموو لایەکی هیلاک کردبوو.