بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
چوونم بۆ قەندیل و هێنانی عوسمان ئوجەلان بۆ سلێمانی
لەبەر ئەوەی لێپرسراوی پەیوەندییەکان بووم، ڕۆژی 2/10/1999 لەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی ڕۆیشتم بۆ قەندیل. لە ساڵی 1992 لە دوای شەڕەکانی خواکورک لەگەڵ عوسمان ئوجەلان فەرهاد بەیەک ئاشنا بووین. کێشەیەکمان هەبوو، ڕۆیشتم بۆ قەندیل بەدواییدا بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەسەر بکەین. پێکاکا نوێنەریان لە سلێمانی هەبوو. لەگەڵم هات و چووینە شوێنی دیاریکراو، لەگەڵ خۆم عوسمانم سواری سەیارە کرد و هاتینە سلێمانی بۆ ماڵی خۆمان. پاش پشوودانێک چووینە ماڵی هەڤاڵ جەبار فەرمان. شەوێ کاک جەبار و عومەر فەتاح و خۆم لەگەڵیان دانیشتین. ئەویش کانی یەڵماس و کەسێکی تری لەگەڵدا بوو. ماوەی دوو سەعات زیاتر کۆبووینەوە و لەسەر وەزعی خۆمان و ئەوان قسەمان کرد. پێمان وتن تورکیا زەختێکی زۆری لەسەر دروست کردوین. ئێوەش مادام لەم وڵاتەن، دەبێ هاوکارمان بن بۆ چارەسەرکردنی، ئەم پەیوەندییەش هی شاردنەوە نییە و بایی ئەوەندە زانیارییان هەیه پێی بزانن. با بۆ مێژووش ئەم ڕاستییە بڵێم بۆ ئەوەی نەوەی نوێ و ئەوانەش کە بێئاگان، بزانن ئێمە یارمەتیی زۆرمان دەدان و هاوکاریمان دەکردن، بۆ نمونە لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و نهێنی هەبوو بۆ نەخۆش و بریندارەکانیان و چەند خانویەکیان هەبوو، کە وەک بارەگا بۆ کاری خۆیان بەکاریان دەهێنا. من هاتوچۆم دەکردن.
ئەوان لە ڕێگەی مەخموورەوە، کە ئه و کاتە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا بوو، دەهاتنە چەمچەماڵ، بە تایبەتی بریندارەکانیان. لە چەمچەماڵیش ئەندام کۆمیتەیەکی خۆمانم پێ ناساندبوون تا کارئاسانییان بۆ بکات. بە شه و لە چەمچەماڵەوە دەڕۆیشتن بۆ قەندیل. به ڕێگای تریشدا دەڕۆیشتن. دواجاریش لە خەستەخانەیەکی قەڵادزە به نهێنی و لەسەر ئەرکی خۆم بەشێکم بۆ جیا کردبوونەوە بۆ ئەوەی خەڵک نەیانبینێ.
به ئاگاداریی ئێمه لە قۆپی قەدەداغ پێشمەرگە و بارەگایان هەبوو. جا با بێمەوە سەر کۆبوونەوەکەی ماڵی هەڤاڵ جەبار فەرمان. لەبەر ئه و هەموو زەختەی له سەرمان بوو، لە کۆبوونەوەکە داوامان لێکردن و تکامان لێکردن هەرچۆنێک بێت، کێشەمان بۆ دروست نەکەن، خۆ ڕۆژانەش پێویستیی خۆیان لە قەڵادزه و ڕانیەوە بۆ جێبەجێ دەکرا. ئێمەش ئاگادار بووین و دەمانزانی. لەسەر کۆمەڵێک باسوخواسی ئه و ڕۆژە قسەمان کرد و پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هەر ئه و شەوە چوونەوە بارەگای خۆیان. خۆشم لەگەڵیاندا چووم.
هەڤاڵ جەبار فەرمان کەسێکی ئەمینی لابوو و ناوی مامۆستا عرفان بوو، منیش لە ڕابوردوودا دەمناسی و کادێر بوو. بۆ ڕۆژی دوایی لەگەڵ هەندێک پێشمەرگە داواکرا لەگەڵمدا بێت بۆ بردنەوەی عوسمان ئوجەلان. ڕاستییەکەی منیش ئەوەم لەیەک دایەوە نەک لە ڕێگە تووشی شتێک ببین. چونکی پێشتر زانیاری لەسەر شەمدین سوکاک کۆکرابۆوە، هالیکۆپتەری تورکی دابەزیبووە سەری و ڕفاندیان، زیاتر لەبەر حورمەت و ناوبانگی خۆم و یەکێتی لە سلێمانییەوە لەگەڵ سەیارەکەی خۆم سوارم کرد تاکو گەیشتینەوە لای بناری قەندیل، ئه و جێگەیەی خۆی وتی بەسه و ئیتر من گەڕامەوه. تاکو بناری قەندیل سێ جار سەیارەکەم گۆڕی، چونکی ئەگەر شتێک بووایە لە بابەتی شەمدین سوکاک، کراسی قورئانمان لەبەر بکردایە هەر دەیانوت دەسیسەی خۆیان بووە. ئێمەش تۆزێک زەختمان لێکردن کە نابێ به ئاشکرا شتتان بۆ بێنن، چونکی سیخوڕی تورک ڕۆژانە زانیارییان دەداتێ.
جارێکی تریش هەر لە سلێمانی لەگەڵیان کۆبووینەوە لە ماڵی کاک جەبار فەرمان، کە نوێنەریان کانی یەڵماس و سینان بوو، لای ئێمەشەوە (من و عومەر سەید عەلی و محەمەد تۆفیق ڕەحیم) ئەم جارەیان بۆ ئەوەی داوایان لێبکەین، لە سلێمانی بارەگاکانیان چۆڵ بکەن. لەسەر ئەم داوایەش هەردوولا قسەی زۆرمان کرد.
نانی ئێوارەمان لە ماڵی جەبار فەرمان خوارد، کۆبوونەوەکە سێ سەعاتی خایاند. وتیان ڕۆژی یەکشەممە وەڵامتان دەدەینەوه، هەر لەسەر کارئاسانی و پەیوەندیمان و لەسەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەکە نوێنەرەکەیان کە ناوی ڕودی بوو، لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی پەیوەندییەکاندا ناردم بۆ ڕانیە بۆ لای هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود کە لێپرسراوی مەڵبەندی هەشت بوو، بۆ ئەوەی خەستەخانەکەی قەڵادزە بەشێکی چۆڵ بکەن بۆ نەخۆش و بریندارەکانیان بۆ ئەوەی خەڵکی نەیانبینێ.
چوونی من و هەڤاڵ عومەر شێخ موس بۆ لای عوسمان ئوجەلان
هەڤاڵ عومەر شێخ موس لە سوید هاتبۆوە. لە ڕابوردوودا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کەسایەتییەکە لە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد. لە ڕابوردووش پێش ئەوەی یەکێتی دروست ببێت، لە ئەوروپا کەسێکی چالاک بووە بۆ خزمەت گەلی کورد، کەسایەتییەکی ناسراویشە، داوای لێکردم لەگەڵی بچم بۆ لای عوسمان ئوجەلان لە قەندیل. بۆ ئەم سەفەرە بەرنامەمان دانا. من بە حوکمی ئەوەی لێپرسراوی پەیوەندییەکانم و سنووری پشدەر هەموویان دەناسم، ڕۆژی 1/12/1999 بەیانی زوو بەڕێ کەوتین بۆ جێگەی مەبەست. چووینە دێی شێخان. عوسمان ئوجەلان هات و ماوەی دوو سەعات لەگەڵی دانیشتین، ئەم سەفەر و سەردانەمان بۆ هەمان مەبەستی هێورکردنەوەی بەینی یەکێتی و پێکاکا بوو، کە ماوەیەک بوو گرژیی تێکەوتبوو، قسەکان لەسەر ئه و باسانە بوو، کە وابکەین تووشی شەڕمان نەکەن، ئەگینا هەردوولا زەرەرمەند دەبین. بۆ ئێوارە گەڕاینەوە بۆ سلێمانی. کاک عومەر سوپاسی کردم کە لەگەڵی ڕۆیشتووم و کارئاسانیم بۆ کردووە.
من و مامۆستا چەتۆ حەوێزی لەبەر ئەوەی هەردووکمان لە مەکتەبی پەیوەندییەکان بووین، لە هەوڵی ئەوەدا بووین لە سلێمانی جێگەیەکیان بۆ پەیدا بکەین. بە هاوکاریی وەستا عەبدول کە لێپرسراوی پێشمەرگەکانی لای خۆم بوو، جێگەیەکمان بۆ پەیدا کردن بۆ ئەوەی بە نهێنی تێیدا بن و نەیەن بۆ مەکتەبی پەیوەندییەکان، چونکی لە دەرەوەی مەکتەب هەواڵ بڵاو دەبۆوە. باسی ئەوەش هەبوو لەلایەن تورکەوه چاودێری بکرێن. خۆشم جارجارە سەردانی ماڵەکەیانم دەکرد.[1]