بەڕێزان...
ئێمە پێویستیمان بە پاڵەپەستۆی ژنانە، بۆ ئەوەی بتوانین لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیدا هەنگاو بنێین، پرسی ئافرەت یان تووندوتیژی پرسی کولتوورێکی کەڵەکەبووی سەدان ساڵە، حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ناتوانن بە تەنها ئەوکارە بکەن ئەگەر لەلایەن ژنان خۆیانەوە پاڵەپەستۆیەک نەبێت، ئێمە هەموو نەرمییەکمان تێدایە بۆ ئەوەی لەژێر ئەو فشارەی ئەواندا هەنگاوی پێویست لەپێناو بەرژەوەندی یەکسانی نێرو مێدا بەدیبهێنن، لە ساڵەکانی دوو هەزاریشەوە کۆمەڵێک پرۆژەمان خستە بەردەم پەرلەمان و ئەوانیش یاسای پێویستیان بۆ پاڵپشتی لە مافی ئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دەرکرد، کە ئێستا دامودەزگای تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بەدواداچوون دەکات، جگە لەوە چیمان لەدەستهاتبێت بۆ پشتیوانی لە ڕێکراوەکانی ژنان و ئافرەتان کردوومانە، هێڵی گەرمی 119ی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بە هاوکاری UNFPA لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستە، سەنتەرەکانی ڕاوێژی خێزانی بە هاوکاری ئاژانسەکانی UN کراونەتەوە، لەڕووی یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ڕاوێژ و ڕێنمایی پێشکەش دەکەن.
هەر بەو بۆنەیەوە سوپاسی یان کۆبیش، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەم کە ئەمڕۆ لەو مەراسیمەدا بەشدارە لەگەڵ ئێمە، بێشک بەشداربوونی بەڕێزیان نیشانەی پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لیژنەی خانمانە کە بەو ئەرکە هەڵدەستن.
هەروەها ئێمە هانی ڕاگەیاندنمانداوە کە چاوپۆشی لە پرسی تووندوتیژی نەکەن و هەموو ڕووداوێکی نەرێنی و ناشرین بخەنە بەردەم ڕای گشتی، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕێگەمان خۆشکردووە بۆ ئەوەی ڕەگەزی مێ لە هەموو بوارە گشتییەکانی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بێتە پێشەوە و ڕۆڵی خۆی ببینێت، وەک خۆتان دەبینن ئەم بەشدارییەی ژنان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانییەکاندا ڕوون و بەرچاون.
سیاسەتی هەرێمی کوردستان چ وەک حکومەت و چ وەک لایەنەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆڵێکی زێدە گرنگی گێڕاوە لەوەدا ئافرەتانی کوردستان چالاکتر و ئازاتر بکەونە بەرچاو، بە تایبەتی لە هەردوو بواری خوێندن و کارکردندا، ئەمڕۆ لە کاری دامەزراوەکانی حکومەتدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان نێر و مێدا نییە، زۆرجار گوێمان لە هەندێک گلەیی دەبێت کە دەڵێن یاسا و ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان بەپێی پێویست جێبەجێ ناکرێت، دەمەوێت باسی ئەو ڕەخنانەتان بۆ بکەم و نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە، ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستان هێشتا ژن لە دەرەوەی دادگا مارە بکات کە باوک و برا و خزم و کەس ئەوکارە دەکەن، هەروەها مامۆستای ئایینی مارە بڕینەکە جێبەجێ دەکات یان هەندێک جاریش ئەوانەی فرەژنی دەکەن خۆیان کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیرن، یان کادری ڕاگەیاندنن یان مامۆستا بن، پرسیارەکە ئەوەیە یاسا لەو مەسەلەیەدا چی بکات و چۆن ئەو هەموو خەڵکە سزا بدات.
وەک دەبینن ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆزە و کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو کۆمەڵگا خۆی بگۆڕێت نەک ئێمە بێین و هەموو شتێک بە زەبری یاسا و سزادان بگۆڕین، هەرچەندە یاسا و ڕێنماییەکانی حکومەت بە پێچەوانەی ڕەخنەکانی کە دەگیرێت سەرکەوتنی باشیان بەدیهێناوەو پشتی ئافرەتانیان زۆر بەهێز گرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین و تێدەگەین کە ڕێگەیەکی دوورودرێژمان ماوە کە دەبێت لەسەری بەردەوامبین.
بەڕێزان...
کێشەی کولتوور تەنیا لە ڕێگەی پەروەردەی قوتابخانەوە دەگۆڕدرێت، بە جۆرێک پڕۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەیەک بن کە یەکسانی تێدا ڕەنگبداتەوە، هەرەوەها ڕۆشنبیری و پەروەردەی مامۆستایان گۆڕانیان بەسەردابێت، ئێمە ڕەنگە بتوانین لە ڕێگەی یاسا و سزاوە بەشێک لە کۆمەڵگە بگۆڕین، بەڵام گۆڕینی سەرەکی تەنها بە دروستکردنی بیرکردنەوەیەکی تازە لای پەروەردەی منداڵان و نەوەکانەوە جێبەجێ دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیدا بە ڕاددەیەکی باش یاسای دەرکردووە و دامودەزگای تایبەتی داناوە بۆ لێپێچینەوە لەو کارانەی کە ڕوودەدەن، دادگاکان و دامودەزگاکانی پۆلیس ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام با ئەوەش ڕوون بێت کە پرسی یەکسانی تەواو لە دوو ڕەگەزدا کێشەیەکی گشتییە لە زۆر لە وڵاتانی جیهان، نەک تەنها کێشەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگەی ئێمە بێت، با کچان و ژنان و ئافرەتانی کوردستان لە ڕاگەیاندندا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، با لە ئاست هەموو چەوسانەوەیەک و دیاردەیەکی دواکەوتوو ئەوان جموجۆڵ پیشان بدەن، با بزانن کەوا حکومەت ناتوانێت تەنها ئەوکارە بکات، پێشینان گوتوویانە چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز...
خۆتان دەزانن تووندوتیژی زۆر شێوەی هەیە، کە هەر یەکەیان کاریگەری نەرێنی دروست دەکەن، هەموو ئەمانە پێویستیان بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە، پێش ئەوەی ڕووبەڕوویان ببینەوە، هەر بەو بۆنەیەوە داوا لە ڕاگەیاندنی کوردستان دەکەم هێشتا کاراتر بن لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و تووندوتیژی جێندەری، پێیان دەڵێم ئەگەر لە هەموو مەسەلەیەکدا کەلێن و بوارێک هەبێت بۆ خاوی و سستی، دڵنیابن لەو مەسەلەیدا هیچ کەلەبەر و بوارێک نییە بۆ خاوی سستی یان بۆ خۆدزینەوە، ئێمە تاسەر ئێسقان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی زوڵمداین.
داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی و گوتاربێژی مزگەوتەکان دەکەم بە چاوی سەردەمیانە سەیری بارودۆخی ژیان بکەن، کۆمەڵگەی کوردستان سەدان ساڵ پێش ئێستا بە کۆمەڵگەیەکی ڕێزگرتن لە مافی ژن ناسراوە، گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان لەسەدەی شانزەهەمەوە چەندین کتێبیان لەبارەی کوردستانەوە نووسیوە کە باسی ئازادی ژنانی کوردستان دەکەن، مامۆستای گەورەمان ئەحمەدی خانی لە شاکارە مەزنەکەیدا (مەم و زین) باسی ئەو ئازادییەی کردووەو گوتوویەتی من ئەو چیرۆکەم بۆیە نووسی تا خەڵکانی نەناس و بیانی نەڵین کچان و کوڕانی کورد ئازاد نەبوون لە یەکسانی و گۆڕینەوەی هەستی خۆشەویستیدا، ئەحمەدی خانی دەڵێ:
دا خەلق نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعرفەتن بێ ئەصل و بنیاد
هەم ئەهلی نەزەر نبێن کوکرمانج
عەشقی نەکرن ژبۆ خوە ئارمانج
هەروەها لەو سەردەمەدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی زۆر ڕێنوێنی دەرکردووە بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژن، لەوانە نەهێشتنی فرەژنی و ڕێزگرتن لە ویستی کچ لە کاتی شوکردندا، هەروەها مەسەلەی گەورە بە بچووک، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستاش لە هەندێک شوێن لە کۆمەڵگای ئێمە هەیەو شتێکی هەتا بڵێی ناشرینیشە.
ئێمە نەوەی نوێی ئەو سەردەمە وەچەی بیر و هزری ئەو پیاوە گەورانەین و دەبێ بەدوای ئەوەدا بڕۆین نەک بیری دواکەوتوو لە شوێنانی دیکەوە بۆ وڵاتی خۆمان بهێنین و بیکەینە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان، ئێمە دەبێت درێژەپێدەری مێژووی خۆمان بین، پێشکەوتنەکانی دونیاش بۆخۆمان بقۆزینەوە، لەبەر ئەوەی پێشکەوتنەکانی دونیا دوای ئەزموونی تاڵی گەلان هاتووەو دەستکەوتی هاوبەشن لەنێوان مرۆڤایەتیدا، هیچ شەرم و لاساییکردنەوە نییە ئەگەر ئێمە ئەزموون لە پێشکەوتنی گەلانی دیکە لە دونیادا فێر ببین و جێبەجێیان بکەین، پێشکەوتنی تەکنیکی لەو سەردەمەدا شتێکی گەورەی پێچەوانە کردووەتەوە، کە دەبێت لێی ئاگاداربین، ئەویش ئەوەیە سەردەمی جاران کاتێک پیاوێک دەگەڕایەوە ماڵ ژن دەیپرسی دەنگوباسی دەرەوە چییە؟ بەڵام ئێستا پیاوان و ژنان وەک یەک بە بڕوای من ژنان زیاتریش لە پیاوان ئاگادارن، ئاگاداری هەموو دەنگوباسێکن، ئاگاداری هەموو وردەکارییەکیشن کە لەو کۆمەڵگەیە ڕوودەدات، چونکە کاتیان زیاترە و بەردەوام سەیری سۆشیال میدیاش دەکەن و زیاتریش ئاگادارن.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان چەوسانەوەو زوڵمی زۆریان چەشت، چ لەبەندیخانەکانی ڕژێمی بەعس چ لە کردەوەکانی ئەنفالی ساڵی 83ی بارزانییەکان یان ئەنفالەکانی ساڵی 1988 مەگەر تەنها مێژوو بتوانێت ئەو چیرۆکانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگێڕێتەوە، دوا ئەڵقەی ئەو زوڵمانەش ئەوەبوو کە ڕێکخراوی دڕندەی #داعش# لە 2014 بەرامبەر بە ئافرەتانی ئێزدی کردی، ئەمەش برینێکە لە جەستەی کۆمەڵگەی کوردستاندا وا بەئاسانی چارەسەر نابێت.
لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خاتوو بەڕێز نادیە موراد دەکەم کە وەک هێمایەک بۆ چەوسانەوەی ئافرەتانی ئێزدی بوو بە وەرگری خەڵاتی نۆبلی ئاشتی، دەستخۆشی لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە چالاکن لە بواری بەگژداچوونەوەی تووندوتیژی جێندەریدا، یان هاوکار و یارمەتیدەرن، سڵاو لە گیانی ئەوانەی کەبوون بە قوربانی لەو ڕێگەیەوە، سڵاو لە هەموو ئەوانەی بەردەوام لە خەباتن بۆ ئەو یەکسانییە بۆ کەمکردنەوەی کەلەبەری نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەموو لایەکتان، ئێمە دەست لەناو دەست هەنگاو دەنێین و بەرەو پێش دەڕۆین، هیوای ڕۆژێکی خۆشتان بۆ دەخوازم. هەموو لایەکتان بەخێربێن بۆ ئەو ڕێوڕەسمە، زۆر سوپاس..
#25-11-2018#