لە دایکبووی #21-06-1988# لە گەڕەکی #تووی مەلیک#ی شاری #سلێمانی#
لە ساڵی 2006 دەستی کردووە بەهۆنراوە نووسین و لە چەند گۆڤارێکدا بابەتی بڵاوکردۆتەوە
تا ئێستاش بەردەوامە له و بوارە
چەند نمونەیەک لەبەرهەمەکانی:
گەنم
موبتەسیمە گوڵە گەنمی ناونیشانی بێ خەرمانان
بۆ حەسرەتی ئاونگی خۆر بەرگی زەردی خۆی دەپۆشێ
ڕەنگی زەردی کۆتاییە لە وجودی بای کوێستانان
سیاە چارە هەڵدەقرچێ و لە وشکیدا خۆی دەنۆشێ
هێدی هێدی پەپولەی ڕۆح بۆ نسارو سەر کێوانان
ململانێی شنەبای دێت دەنکە گەنمی خۆی دەگوشێ
بە ئاستەمیش دەنگی نیە شەقەی باڵ و گوێزەبانان
گوزەر دەکات بە ناو دۆڵ و دڕک و داڵا، خۆی دەکوشێ
پەیام بەرە گوایە گەنم لەناو گوڵی عازەبانان
بەفر ئاسا پاک و بێگەرد بە پەلکی گوڵ خۆی دەپروشێ
دەڵێ سیمای زەردی ئەمن پەیامە بۆ باخەوانان
سوتوی ڕەشی قەرەبوتم گەردەلولە خۆی دەلوشێ
عومری سەوزم کۆتایی هات منیش دەچمە لای نەبانان
چەشنی گوڵان دوا وەرزێکە پەڕەکانم خۆی دەڕوشێ
بەچی دەچێ کەی ڕەوایە خەنده و جوانی لای گوڵشەنان
زامی سەختم دروێنەیە من له و کەشە و خۆی لەکەشێ
هۆن هۆن قەدی زەردی باڵام ڕوو لە زەوی و پشت لە ئاسمان
هەمەڕەنگی سروشتی وان وا نیگاری خۆی دەکێشێ
لە لێواری زیزبونمدا مانگم چەمی چۆن هەڵکشان
تاڵ تاڵ قژی زەردیشم وا ڕەنگی سپی خۆی دەبەخشێ
پەلکە زێڕین ئەم بەهارە ڕەنگی داوە بە بێستانان
چون پەیوەستی سەرتاپاییم چەشنی ڕەشی خۆی دەنەخشێ
ئەوە ڕیز ڕیز چڵی سەوزی ناو دەوەنی ستەمکاران
دێن و دەڕۆن دەستە دەستە جێ نشینیان لێم خۆی دەخشێ
دورو نزیک پەڵە هەوریش ڕاماوە لە دەنگی باران
هەیە وەرزی سەرەتایە و هەیە هیواش خۆی دەفرۆشێ
زوو تێپەڕی ئه و دەمانەی بزەی لێوم لە تۆوە بوو
ئێستا بزەم بە خەم دێت و پێکەنینم لە خۆوە بوو
دڵی پڕ خەم لە سایەی تۆو تیری چاوو ئەبرۆوە بوو
میحنەتی خەم لە سینەمدا بە یەکجاری وا کۆوە بوو
سەدای سروە
سەدای سروەکەی سۆزی سیناکەت
سازی سازانە سەودای سیراکەت
ساتی سۆراغت سایەی سێبەرمە
ساڵەهای ساڵیش سەختی سەفەرمە
سەحەر تا سەحەر نەسرەوتە سەرم
سڕو سەر مەشقی سەرابی سەرم
سەیرو سەرنجی سادەی سەرواکەم
سستی سیحرێکە قەت سەردەرناکەم
سینەی سوتاوم سڕی سیماتە
سەیری سروشتی سپی سۆماتە
سەودای ساکاری سەر ڕێ و سنورت
سەرسامی سەماو سەفای سەبورت
سەرجەم سەرکێشی سەرچاوەی سەوتن
سەرچڵی داری سەرمایەی سەختن
سرودی ساردی سەهەندی سپین
سودمەندی تنۆک سورباوی سڕین
سبەینێش سەکۆی سوچی چوچداران
سەرەنجام خەوە سروەی کۆهساران
کورتە قەسیدە
لە تێڕوانینی دیمەنی ژینەوە لاسک و پەڕە و گەڵاو بۆنی گوڵ ئەبینم
لە ناوەندی گوڵەوە سوار چاکی هەنگ و هەنگوینی پەڕەی لا دیواری ژین ئەبینم
لە شیرینی ئه و هەنگوینەی ئازار شکێن و تیمارکەرە جوانی گوڵ و تاڵی ژین ئەبینم
سەرم سوڕماوە لە جوانی گوڵ،
لە شیرینی هەنگوین،
لە تاڵی ژین،
له و شنەبایەی بۆ مردنی گوڵێک هەڵئەکات،
له و سەر خۆشییەی بۆ شیرینی ساتە خۆشەکان بە مردنی ژین، ساتە گەوهەرییەکان تاڵ ئەکات
ئیتر چۆن بێم هەنگاو بنێم بۆ دیمەنی ئه و گوڵانەی پەڕەکانیان لە گەڵ خاکی گژو گیادا تێکەڵ بووە
لە کاتێکدا گوڵ خاوەنی شکۆترین ناو نیشانە،
ئیتر چۆن بینۆشم ئه و هەنگوینەی لە پەڕەی گوڵی وەریو تاڵی لێ دەچۆڕێت
لە کاتێکدا هەنگوینیش نمویەکی بێ ئەندازەیە
ئیتر چۆن بەڕێی بکەم ئه و ژینەی لاسکی گوڵێک دەشکێنێت و پەڕەی ناسکی دەژاکێنێ تا هەنگوینی تاڵی لێ بچۆڕێت و تاریکی بدات بە دڵی سوار چاکی هەنگ
لە کاتێکدا ژین خۆی خاوەنی ئەزموونی تاڵیی و شیرینیەکانە
دە سا ئەی ژین. یان بووەستە،یان دڵی سوار چاکی هەنگ گوڵباران بکە
دە سا ئەی ژین. یان بووەستە، یان گوڵی ژاکاو پاراوتر بکە
دە سا ئەی ژین. یان بووەستە، یان تاڵی هەنگوین شیرین بکە
ئەی ژین بزانە. ئەوە گوڵە کە جوانی خۆی لە ئاوێنەی خاکی ڕوت ڕەگو ڕیشەی دەبینێتەوە
ئەی ژین بزانە. ئەوە هەنگە کە سوار چاکی خۆی لە ئامێزی گوڵدا فرمێسکی هەنگوینی جێ دەهێڵێ،
تا بە دڵۆپی فرمێسکی شیرینی خۆی، تاڵییەکانت بیر باتەوە
چی وای لێ کردی وا سەر شێت و غروری ئەم داستانە بیت
چی وای لێ کردی گوڵ سەر مەستی تاعونی ناو تاریکیت بێت
لە تۆ وایە بە تەنهایی ئەتوانی دڕک و داڵی ئەم وێرانەیە بسوتێنیتنەخێر.نەخێر. ئەوە کاری گوڵە بە بۆنی خۆی، بە سەمای خۆی، بە جوانی خۆی، کە دەتوانێت دڕک و داڵ و دەوەنی ئەم تاریکستانە بکات بە پەموو
ئەوسا تێدەگەیت چ زەمەنێکت لە ناو دڵی سوار چاکی هەنگ خامۆش کردووە
ئەی ژین تۆ دەزانی لە بەر گەورەیی و تەنهایی خۆت چ کابوسێکت خوڵقاندووە
کابوسێک کە نە دەستی هەنگ بە گوڵ دەگات و نە جوانی و شۆخی گوڵ بە ژین دەگات،
تا دەرگای ئەم گۆڕستانە بکاتەوە و کێلەکانی سوار چاکانی هەنگ بە باخێکی بەهەشتی بنەخشێنێ