دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆرەوە بەرهەمهێنانی گەنم لەهەرێمی کوردستان بۆ یەک ملیۆن تەن زیاد دەبێت، دەشڵێت: تائێستا ڕێژەی وەرگرتنی گەنم بۆ ساڵی داهاتوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیارینەکراوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2018، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستان پشت بە باران دەبەستێت، ئەمساڵیش بەهۆی بارانی زۆرەوە بەرهەمهێنانی گەنم بۆ سەرووی ملیۆنێک تەن زیاد دەکات، چونکە ساڵی پار هەشت سەد هەزار تەن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنرا.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم وتیشی: لەبەرئەوەی ڕێژەی بارینی باران ساڵانە جێگیر نیە، بۆیە ساڵ هەبووە کە باران باش باریوە ملیۆنێک تەن گەنم هەبووە و ساڵیش هەبووە ڕێژەکە کەمتر بووە، بۆ نمونە لەساڵی 2016 باران باش باری، بەرهەمی گەنم گەیشتە یەک ملیۆن تەن و لە 2015دا ڕێژەکە زیاتر بوو بۆ سەرووی یەک ملیۆن تەن گەنم بەڵام لە 2017دا باران کەم باری، بۆیە بەرهەمی گەنم کەمیکرد.
روونیشیکردەوە: هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە جگە لە ئاوی باران، پشت بە ئاودانی مەڕەشەش دەبەسترێت، چونکە ساڵانی ڕابردوو باران کەم باریوە، ئەمساڵ جوتیارانی هەرێم ڕێژەی ئاودانی مەڕەشەیان زۆر زیاتر کردوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت چاندنی گەنم لە زەوی یەک حەلبەییدا بەرهەمەکەی بگاتە شەست حەلبە.
نەوزاد ئەدهەم ئەوەشی خستەڕوو: بەشێوەیەکی گشتی ئەو ڕێژە گەنمەی بەرهەم دەهێنرێت مەرج نیە هەمووی بدرێتە حکومەتی عێراق، بەڵکو ئێمە لە ناوخۆ پێویستی زۆرمان بە گەنم هەیە بۆ ئارد و نانەواخانەکانی سەمون، نان، ساوەر و گەنمە کوتاو و چەندین جۆری دیکە، ساڵانەش بڕێکی گەنم لەلایەن جوتیارانەوە بۆ چاندن هەڵدەگیرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2017-2018 پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی بە سیاسی کرد و سانسۆرێکی زۆری دانا، بەڵام حکومەتی عێراقی نەیتوانی ڕێگە لە هەناردەکردنی گەنمەکە بگیرێت، چونکە جوتیاران گەنمێکی زۆریان لە ڕێگەی بازرگانییەوە ڕەوانەی شارەکانی عێراق کرد.
ناوبراو ئه و هەواڵانەشی ڕەتکردەوە کە گەنم لە وڵاتانی ترەوە هاوردە کرابێت، دواتر ڕەوانەی سایلۆکانی عێراق کرابێت له و بارەیەوە وتی: ئه و جۆرە پڕوپاگەندانە حکومەتی عێراقی خۆی دروستیکرد بۆ ئەوەی بیانو بدۆزێتەوە و گەنمی هەرێم وەرنەگرێت.
لەبارەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمیشەوە وتی: تائێستا حکومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی بۆ ساڵی 2019 دیاری نەکردوە و تائێستاش نرخی یەکلاکەرەوە لەسەر گەنمی ساڵی داهاتوو دانەنراوە کە لە سایلۆکان وەردەگیرێن.
پێداچوونەوە: چالاک عومەر[1]
#28-11-2018#