تیمەکانی دەزگای گشتیی مین ڕووبەری زیاتر لە حەوت ملیۆن مەتر چوارگۆشەیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستنییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە مین پاککردووەتەوە و، هەزاران مین و تەقەمەنییان پووچەڵ کردووەتەوە کە لەلایەن #داعش# دانراون.
شاندێکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بەشداری 17یەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنامەی قەدەخەکردنی بەکارهێنانی مینی دژە کەسی ناسراو بە ڕێکەوتنامەی ئۆتاوایە. کۆبوونەوەکە لە 26ی دیسەمبەر دەستی پێکردووە و، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سیراج بارزانی، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕایگەیاند بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوا پێشهاتەکانی کاروباری مین لە ئاستی نێودەوڵەتی و پێشکەشکردنی چەند ڕاپۆرتێک لەبارەی چالاکییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین، بەشداریمان لەو کۆبوونەوەیە کردووە.
شاندی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە ئامادەبوونی سیراج بارزانی و بەڕێوەبەری گشتی دیوان، نیازی خالد بەشداری کۆبوونەوەکەن، گوتەی شاندی عێراق لەلایەن سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە.
سیراج بارزانی بە داتا کار و چالاکییەکانی دەزگاکەی بۆ ڕووداو خستەڕوو و ڕایگەیاند تیمەکانی دەزگای گشتیی مین ڕووبەری حەوت ملیۆن و 414 هەزار و 199 مەتر زەویی چوارگوشەیان لە مین و تەقەمەنییەکانی داعش پاککردووەتەوە و، 23 هەزار و 429 تەقەمەنیی جۆراوجۆریان پووچەڵ کردووەتەوە.
سەرۆکی دەزگای گشتیی مین، لەبارەی پاشماوەکانی مین و تەقەمەنی کە لە سەردەمی حکومەتی بەعس دانراون دەڵێ لەلایەن حکومەتی پێشووتری عێراقەوە ڕووبەری 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە مینڕێژکرابوو، بەڵام ئێستا ڕووبەرەکە بۆ 270 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەمکراوەتەوە، کە دەکاتە 65.2%ی زەوییە لەمین پاککراوەکان.
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە سەرەتای شەڕی داعشدا له 2014 تاوەکو 2017، سێ ژووری ئۆپەراسیۆنی لە شارەکانی #دهۆک#، #هەولێر# و #گەرمیان# بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی #پێشمەرگە# پێکهێنا، بۆ پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییەکان.[1]
#28-11-2018#