کتێبی قوتابخانە کوردییەکانی #کەرکووک# و #خورماتوو# لە کۆگای #وەزارەتی پەروەردە#ی کوردستانن، چاوەڕێن خاڵە گومرگییەکان ڕێیان پێبدەن بگەێنرێنە دەست قوتابیانی خوێندنی کوردی.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەداخەوە لەبازگەی گومرگی کەرکووک نەک هەر ڕێگە لەناردنی کتێب گیراوە بەڵکو سووکایەتییان بەستافەکانمان کردووە، دوای دەستتێوەردان وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ دەزگاکانی پارێزگای کەرکووک ئەوکات تەنیا بەوە ڕازی بوون گومرگی ئەو کتێبانە بکەن، لەهیچ شوێنێکی دونیادا نەبووە لەچوارچێوەی یەک وڵات کتێب گومرگی لەسەربێت.
خاڵە گومرگییەکان بیانوویان بۆ ڕێگریکردن لەکتێبی خوێندنی کوردی ئەوەیە نرخی فرۆشتن لەچاپی کتێبەکان نوسراون،
لەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نوسراو بۆ وەزارەتی پەروەردەی عێراق کراوە تاوەکو ڕێگری لەهێنانی ئەو کتێبانە نەکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە نەدۆزراوەتەوە.
شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی پەروەردەی کەرکووک بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بەشێک لە کتێبەکانمان هێناو دابەشمان کردوون لەکۆگا، ئێستا قۆناخی دووەم ماوە کە نزیکەی شانزە بارهەڵگرە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە شاری کەرکووک.
کۆگاکانی خوێندنی کوردی کەمترین کتێبیان تێداماوە و ڕێژەیەکی کەمی جۆرەکانی بابەتی پێویستیان هەبوو بەسەر قوتابخانەکان دابەشیان کردوون.
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لە56 بابەت لەیەکی سەرەتایی بۆ شەشی سەرەتایی، تەنها 27بابەت گەیشتوون، بەتایبەتی بابەتی ئینگلیزی و ڕاهێنان کە بابەتی سەرەکین، و لەناوەندی و ئامادەییەکان لە 83بابەت تەنها 35بابەتی گەیشتووە.
بۆ خوێندنی ئەمساڵ پێویستە شانزە بارهەڵگر کتێب بگاتە کەرکووک کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون، بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو خاڵە گومرگییەکان بۆ هەر تۆنێک لەو بارهەڵگرانە داوای بڕی شەش ملیۆن دینار گومرگییان کردووە، هاوشێوەی گومرگی کاڵا و پێداویستییەکان دیکە.[1]
#28-11-2018#