لە شارۆچکەی #خورماتوو# خەڵک دەڵێن: #حەشدی شەعبی# زیاتر لە 32 بارەگای سەربازی لە شارۆچکەکە کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕفاندن و کوشتن و تەقینەوەی بۆمب بەردەوامە.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی خورماتوو: لە ماوەی یەک مانگدا 28 حاڵەتی کوشتن و ڕفاندن تۆمارکراون. گەڕەکە کوردییەکانی خورماتوو لەلایەن هێزەکانی بەرپەچدانەوەی خێرا دەپارێزرێن، بەڵام دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ترسیان لەوەیه: ململانێی نێوان گرووپە شیعەکان ناوچەکانی ئەوان بگرێتەوه.
رزگار ئەحمەد، هاونیشتیمانییەکی خورماتوو دەڵێ: پێشتر دۆخەکە زۆر باش بوو، ئێستا زۆر خراپە، ئەمن و ئاسایش نییە و خەڵک ترسی هەیە، خەڵکێکی زۆر لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارە بوون و، تائێستا نەگەڕاونەتەوه، کەس دڵی بەم دۆخە خۆش نییە.
مامۆستا ئازاد یاسین، هاونیشتمانییەکی دیکەی خورماتوو باس لە شەڕی نێوان حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێ: ئه و شەڕەی کە زۆرجار لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی دروست دەبێت، ماوەیەکە زۆربووە، هێرش دەکەنە سەر یەکدی و یەکدی دەکوژن، هەندێک جار پۆلیس دێتە نێوانیان و دەستگیریان دەکات.
لە ماوەی چوار ڕۆژدا، پێنج حاڵەتی کوشتن لە خورماتوو تۆمارکراوە، ئیدارەی شارۆچکەکە بۆ کەمکردنەوەی ئه و حاڵەتانە و ئاساییکردنەوە دۆخی ئەمنی، لە هەوڵی قەربووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی 16ی ئۆکتۆبەر و کەمکردنەوەی گرووپە چەکدارییە شیعەکانی خورماتووە.
حەسەن زەین عابدین، قایمقامی خورماتوو دەڵێ چوار بۆ پێنج حاڵەتی کوشتن لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا ڕوویانداوە، کێشەی گەورەی بەردەممان بۆ نەهێشتنی ئه و کێشەیە، قەرەبوونەکردنەوەی زیانلێکەوتووانی 16ی ئۆکتۆبەره. من، پێموایە زۆر گرنگە قەرەبووی ئەوانە بکرێنەوە کە زەرەرمەند بوون، یان کەسی ئازیز و ماڵ و کەرەستە و ئۆتۆمبێلیان لەدەستداوە.
حەشدی شەعبی، بەشێک لە دۆسیەی خورماتووی پێ سپێردراوە، ڕەتیدەکاتەوە بارەگای فەرمیی لە نێو شارۆچکەکە هەبێ، ئەوان کە ناوچەکانیان لەگەڵ گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکان جیاکردووەتەوه، دەڵێن ئەرکی ئێمە هاوشێوەی ئەرکی پۆلیس و سوپایە لە خورماتوو.
عەلی هاشمی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی دەڵێ ئەرکی حەشدی شەعبی جیاواز نییە لە ئەرکی هێزەکانی دیکە لە شەڕی #داعش# و پاراستنی وڵات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی هەیە، کە هیچ هێزێک نابێ بارەگای لە نێو شارۆچکەکەدا بکاتەوە.
بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و بەپێی ئاماری قایمقامیەتی خورماتوو، هێشتا زیاتر لە هەشت هەزار خێزانی کورد نەگەڕاونەتەوە خورماتوو، بەشێکی زۆری بارەگای حیزبە کوردستانییەکانیش کراون بە بارەگای حەشد و هێزە عێراقییەکان.
داڕشتنەوە: هەڵات ڕێبوار[1]
#29-11-2018#