دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
راپۆرتێکی تایبەت بە ڕەوشی کرێکارانی بیانی ئاشکرایدەکات: لە 12 ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی 163 کۆمپانیاوە زیاتر لە 50 هەزار کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2018، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە کۆنفڕانسێکدا لە #هەولێر# دەقی توێژینەوەیەکی مەیدانی لەبارەی ڕەوشی کرێکارانی بیانی لە هەرێم بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: لە 12 ساڵی ڕابردوودا 50 هەزار و 314 کرێکاری بیانی هێندراون، هێنانی ئەو کرێکارانەش لە ڕێگەی 163 کۆمپانیاوە لە 27 وڵاتی جیهانەوە بووە.
بەپێی ئامارەکانی ڕاپۆرتەکە: لە هەردوو ساڵی 2007 و 2008دا دوو هەزار و دوو کرێکار و لە ساڵی 2009 هەزار و 696 کرێکار و لە ساڵی 2010 دوو هەزار و 188 کرێکار و لە ساڵی 2011ش سێ هەزار و 118 کرێکار و لە ساڵی 2012 حەوت هەزار و 129 کرێکار و لە ساڵی 2013 شەش هەزار و 262 کرێکار و لە ساڵی 2014 هەشت هەزار و 748 کرێکار و لە ساڵی 2015 نۆ هەزار و 291 کرێکار و لە ساڵی 2016 پێنج هەزارو 154 کرێکار و لە ساڵی 2017 سێ هەزار و 843 کرێکار و لە ساڵی 2018-تاوەکو مانگی نۆ -هەزار و 913 کرێکار هێنراونەتە هەرێم.
رێبین فەتاح، سەرپەرشتیاری کۆنفڕانسەکە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەشێکی کرێکارانی بیانی بازرگانیان پێوەکراوە و پێشلکاریشیان بەرامبەر کراوە.
وتیشی: پێشێلکارییەکانیش بریتی بوون لە بازرگانیپێکردن، نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توندوتیژی سێکسی، ڕێگریکردن لە سەفەر، نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و پێنەدانی کرێی کارکردن.[1]
#29-11-2018#