نووسینی: کامەران سوبحان
ساتێک پێش بیرچوونەوە!
لە سەرەتاکانی خوێندنەوەمدا، کاتێک بەرهەمی بەشێک لە نووسەران و شاعیرانی کۆنی کوردم دەخوێندەوە، پرسیارێکم بۆ دروست دەبوو، دەمپرسی لە کاتێکدا مێژووی ڕابردوومان لە سایەی داگیرکەران و چەوسێنەرانی بێگانە و دراوسێدا، چۆن بەشێک لەم سەروەتە گەورەیەی ئەدەبیاتی کۆنی کوردی، لە ونبوون پارێزراوە؟ وەڵامەکەی هەرچی بێت گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر، مامەڵەی ئێمەیە لەگەڵ ئەو تێکست و بەرهەمانە. وەک بەرکەوتن بە بەرهەمێکی نوێ و هاوچەرخ. لەم بوارەشدا چەندی هەوڵی جیاواز هەبووە بۆ نووسینەی بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردی وەک خۆی، یان ژیاننامەی ئەو نووسەرانەی کە لەو سەردەمەدا بەرهەمیان هەبووە. بە لای منەوە ئەم هەوڵانەی پێشووی ئەدەبی کوردی، لە خانەی نووسینەوەی مێژوو ناچێتەدەر.
ئەمە بابەتێکی ترە و دەمەوێت ئاماژە بە ساتێک پێش بیرچوونەوە بدەم. بەو پێیەی ماوەی پێنج ساڵ لە هونەرەجوانەکان ئەدەبیاتی تێکست و هونەری درامام خوێندووە، ئەمە بوو بە پاشخانێک بۆ من، بۆ ئەوەی بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی تری ئەدەبیاتی کوردی کە لە ڕابردوودا ژیاننامەی نووسەر و ناوی بەرهەم و بابەت نووسراونەتەوە، من بێم مامەڵەیەکی درامییانە لەگەڵ ئەو نووسەرانە و بەرهەمەکانیان بکەم.
کارەکتەرێکی وەک (مەلای گەورە) لای من لەم کتێبەدا، بە تەنها گێڕانەوەی ژیاننامەی مەلایەکی خوێندەوار و کراوە نییە، کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا ژیابێت و شیعری نووسیبێت و قورئانی کردبێت بە کوردی. ئەمە دیوێکی درامای مەلای گەورەیە، دیوەکەی تر، خەیاڵی من و بینینی من بۆ ئێستا و ئەو سەردەمەی مەلای گەورە، کە ئەم بینینە دەبێتە دەقێکی درامی و هەردوو لایەنەکە تێکەڵاو دەبێت و دەقێکی نوێ لەنێوان چیرۆک و گێڕانەوە و تێکستێکی بارگاوی بە خەیاڵ و ڕاستی دروست دەبێت، کە دواجار ئەو بڕیارە خوێنەر ئەیدات.
ئەحمەد هەردی و ئەحمەد موختار جاف و بێکەس و هەژار و عەلادین سەجادی و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و حسێن عارف و عەبدولخالق مەعروف و هەموو ئەو کەسایەتییانەی تر، کە لەم کتێبەدا دەخوێنرێنەوە، من بەم شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ کردوون. هەندێ لەو کارەکتەر و نووسەرانە پێشتر خۆم بینومن و مامەڵەم لەگەڵ کردوون، ئەمە زیاتر خەیاڵ و بیرکردنەوە و پەیوەندیی نووسین و گەمەی درامیی لا واڵا کردم. بە جۆرێک لەنێوان وەهم و ڕاستیدا خوێنەر دەقێک دەخوێنێتەوە، بارگاوییە بە خەیاڵ و ڕاستی، زۆر جاریش ئەو کارەکتەرانە خۆیان دێنە ناو نووسینەکە و بەشداری دەکەن لە ڕوودانی ڕووداوێک، یان دیمەنێکی تایبەتدا. ئەمە جگە لەوەی لە گێڕانەوەی ڕووداو و دیمەنی بەسەرهاتەکانی ژیان و مێژووی ئەو کارەکتەرانەدا، زانیاری لەسەر بەرهەم و تێکست و کتێبەکانیان وەک خۆی بۆ خوێنەر نووسراوەتەوە.
ئەم شێوازە بۆ من دەبێتە دەقێک بۆ لەبیرنەچوونەوە! کە هەمیشە لە نووسیندا ئەو ترسەم هەبووە، نەوەکانی پاش ئێمە نەزانن هەردی و ئەحمەد کایا و شێرکۆ بێکەس و کەریم کابان و محێدین زەنگەنە و دەیان ناوی تر، کێ بوون و چییان بەرهەم هێناوە. ئەم هەوڵەی من لە (ساتێک پێش بیرچوونەوە)دا، نووسراوەتەوە. بە جۆرێکیش دەیەوێت خەیاڵی کارەکتەر و بەرهەمی نووسەر و دیمەنی درامی، گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە بن.
کۆتایی ئەم پێشەکییە، دەگەڕێمەوە بۆ پێشەکیی دوو کتێبی گرنگی دوو نووسەری خەمخۆری وشەی کوردی، کە ئەوانیش هەردوو کتێبی (یادی مەردان و ناڵەی دەروون)ی هەردوو بەهەشتی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و شێخ محەمەدی خاڵ)ه. کاتێک باس لە خەمی نووسین و کۆکردنەوەی بابەتەکانی نێو ئەو دوو کتێبە دەکەن و هەردووکیان ترسیان هەیە بابەت و نووسینەکان لە بیر بچێتەوە و ون ببن.
مامۆستا مودەڕیس لەو پێشەکییەدا دەڵێت: (گەلێ جار بیرم لە ڕۆژانی ڕابردووی ژیانی خۆم دەکردەوە و ئەو باسە جوانانەم دەهاتەوە یاد، کە لە دۆستان و زانایانی خۆمم بیستبوون، دەربارەی پیاوە ناودارەکانی وڵاتەکەم. کە هەریەک لەوانە وەک گەردنبەندێکی گەوهەر وا بوون لە ملی گەردووندا. تەماشام دەکرد ئەو باسە شیرینانە لە یادم دەردەچن، لەبەر ئەوە لەم دوا ڕۆژانەی ژیانمدا، کەوتمە پەلە بۆ نووسینەوەی ئەوەی لە یادم ماوەتەوە).
شێخ محەمەدی خاڵیش لە پێشەکیی (ناڵەی دەروون)دا دەڵێت: (وتارەکانی ئەم کتێبە، هەریەکە بە بۆنەیەک و لە کاتێکی تایبەتدا هەڵقوڵاون، لە مێشک و دڵمەوە بۆ سەر نووکی قەڵەمەکەم و منیش خێرا نووسیومن، بەشی زۆری زادەی بیروباوەڕی خۆمن و هەریەکەی بە بیرێک و بۆنەیەک و ئاواتێک نووسراوە. خۆشم ئەوێن، ئارەزووی مانەوەیان دەکەم وەک مانەوەی خۆم، هەوڵ ئەدەم بۆ هێشتنەوەیان وەک هێشتنەوەی خۆم، لەبەر ئەوە هەوڵی چاپکردنیانم دا لەم کتێبەدا).
منیش بە هەمان ترسی لەبیرچوونەوە، بە بەراورد لەو سەردەمەی ئەوان تێیدا ژیان و من تێیدا ژیام، ترسەکە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە و هەمان ترسی لەبیرچوونەوەمان هەیە! بۆیە بە خۆشحاڵییەوە (ساتێک پێش بیرچوونەوە) پێشکەش بە خوێنەران و کتێبخانەی کوردیی دەکەم و بە دوو دێڕە شیعری حاجی قادری کۆیی، کۆتایی بەم سەرەتای دەستپێکردنە دێنم، کە دەڵێت:
ئەمانە زادەیی ئەفکار و خۆشەویستی منن
ئەگەر قەبیح و کەریهن، ئەگەر شەل و ئەعمان
مسالی فەرخەیی ژیشک کە پێی دەڵێ دایکی
ئیلاهی (قاقمە) یاخۆ (سەموور)ە یا (دیبا)
کامەران سوبحان [1]