زیاد لە 30 ساڵە کتێبخانەی گشتی #هەڵەبجە# لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی 13 هەزار کتێبە، کە لەکاتی کیمیابارانی ئەو شارەدا لەلایەن ئێرانییەکانەوە برابونە وڵاتەکەیان، بەڵام بە بیانووی ژەهراوی بونیان ئێران دەڵێت سەرجەم ئەوکتێبانەی لەناو بردووە، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی هەڵەبجەش ئەوە ڕەتدەکاتەوە ئەو کتێبانە ژەهراوی بوبن.
لەکاتی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە لەساڵی 1988 لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە 13 هەزار کتێبی ناوکتێبخانەی هەڵەبجە گوازرانەوە بۆ ئێران، بەڵام تا ئێستا ئەو کتێبانە نەگەڕێنراونەتەوە بۆ هەڵەبجە.
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: مێژووی کردنەوەی کتێبخانە لەهەڵەبجە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1936 لەو ساڵە بەدواوە کتێبخانەی گشتی هەڵەبجە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک پێش تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق کتێبخانەی هەڵەبجە لە پلەی سێیەمدا بووە، بەڵام بەداخەوە لە کیمیابارانەکەدا ئێ#ڕانیە#کان دەستیان گەیاندە ئەو کتێبخانە گەورەیەو سەرجەم کتێبەکانی ناوی کە زیاد لە 13 هەزار کتێبی جۆراوجۆر بوون بردنیان بۆ ئێران.
ئەوەشی خستەڕوو، چەندین جار بەنووسراوی فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەئێران و ئەو شاندانەی، کە سەردانی ئێرانیان کردووە داوامان لەبەرپرسانی ئێرانی کردووە، کە ئەو کتێبانەمان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە، هاوکات ئەو بیانووەی کە بەرپرسانی ئێرانی باسی لێوەدەکەن، گوایە بەهۆی ژەهراوی بونەوە کتێبەکان لەناوبراون زۆر دورن لەڕاستیەوە، چونکە لەکاتی کیمیابارانەکەدا کتێبخانەی گشتی هەڵەبجە لە شوێنێکدا بوو هیچ ئاسەوارێکی کیمیایی بەرنەکەتووە.
بەرێوەبەری کتێبخانەی گشتی هەڵەبجە وتیشیبەڵگەی پێویست لەبەردەستدا هەن، کە ئەو کتێبانە لەناو نەبراون، چونکە لەساڵانی 1990 بەدواوە بەهەوڵی تایبەتی خۆی د.کەمال فواد، نزیکەی 250 کتێب لە کتێبەکانی ناو کتێبخانەی گشتی هەڵەبجە لە شارەکانی ئێرانەوە هێندراونەتەوە بۆ هەڵەبجە بۆیە ئەگەر لەناوبراون چۆن ئەو 250 کتێبانەش لەناونەبراون، هەروەها زانیاریمان هەیە، کە ئەو کتێبانە براونەتە شارۆچکەیەک بەناوی (سەحنە) کە سەر بەپارێزگای #کرماشان#ە، بۆیەک وەک لە ڕابردوودا وتومانە ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو دۆسیەیە داناخەین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ هێنانەوەی ئەو کتێبانە بۆ کتێبخانەی گشتی هەڵەبجە.
عەبدوڵا عەبدولفەتاح، یەکێک لە خوێنەرانی کتێب و خوێندکاری زانکۆی هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت: پێش تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە کتێبخانەی هەڵەبجە یەکێک بووە لەو کتێباخانانەی، کە لە شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە خوێنەر هاتووە بۆ سوود وەرگرتن لەو کتێب و سەرچاوانەی، کە لە کتێبخانەکەدا بوونیان هەبووە، بەڵام بەداخەوە لەکاتی کیمیابارانەکەدا ئێران ئەم دۆخەی هەڵەبجەی قۆستەوە و سەرجەم کتێب و دەستنووسەکانی بەرەو شارەکانی خۆی گواستەوە، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی هەڵەبجەیە لەم دۆسیەیە بێدەنگ نەبن.
هەروەها وتیشی: کتێبخانەی گشتی ئێستای هەڵەبجە زۆر پێویستی بەو دەسنووس و کتێبانە هەیە، کە لە کاتی کیمیابارانەکەدا براونەتە ئێران، چونکە ئێستا دەبینین وەک ساڵانی پێشوو هیچ سەرچاوەیەکی ئەوتۆ و گرنگ دەستناکەوێت، کە خوێندکاران بۆ توێژینەوەکانیان سوودی لێوەر بگرن، بۆیە بە گەڕانەوەی ئەو کتێبانە جارێکی دیکە ئەو بەها گرنگە بۆ کتێخانەی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە، کە لەڕابردوودا هەیبووە.
پێشتریش لەسەر هەمان بابەت ڕۆژنیوز لە زاری لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارنی هەڵەبجە وە ئەوەی ئاشکراکردبوو، کە لەلایەن جێگری کونسوڵی ئێران لە شاری #سلێمانی# ئەوەیان پیڕاگەیەندراوە، کە گوایە بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە ئەو کتێبانەش ژەهراوی بوون مەترسیان لەسەر بووە بۆیە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە سەرجەمییان لەناوبراون.
لوقمان عەبدولقادر، ئەوەشی وتبوو: ئێمە چەند جارێک بە بەڵگە زانیاریمان پێداون لەبارەی شوێنی هەڵگرتنی ئەو کتێبانەوە، بەڵام لە کونسوڵخانەی ئێرانەوە لە سلێمانی ئەوەمان پێوتراوە کە بەرپرسانی ئێران لای خۆیانەوە ئەو دۆسیەیان داخستوە و ئامادە نین هیچ قسەو باسێکی لێوە بکەن.[1]
#01-12-2018#