پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ (1/12/2018)، بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی، بەدەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە شاری #سلێمانی# دەستیپێکرد.
کۆبونەوەکە، لە بارودۆخێکی هەستیاردا بەرێوەچوو، کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێدا تێپەڕدەبێت. لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکاریی و هاوکێشە سیاسیە نوێیەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە وردی گفتوگۆی لە سەر چوار تەوەری سەرەکی کرد، کە تایبەت بوون بە (عیراق، کوردستان، #کەرکووک#، کاروباری ناوخۆی حزب).
سەرکردایەتی یەکێتی: یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە بەغدا
سەبارەت بە تەوەری پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراقدا، سەرکردایەتی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراقدا هاتوتە ئاراوە، کە دەرفەتێکی لەباری ڕەخساندووە، گفتوگۆی بەرپرسیارانە لەنێوان هەرێم و ناوەند دەستپێی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی مافە دەستوری و دیموکراسیەکانی گەلی کوردستان بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق. بێگومان یەکریزی و یەکگووتاریی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە بەغدا پێویستیەکی گرنگی قۆناغەکە و سەرکەوتنی گفتوگۆکانیش دەبێت.
یەکێتی، کە پەیوەندییەکی لە مێژینەی لەگەڵ هێزو لایەنەکانی عێراقدا هەیە، ئەزموون و پێگەی پارێزراوی لە بەغدا هەیە، لەبەر ڕۆشنایی ئەزمون و سیاسەتی سەرۆک #مام جەلال#، هەوڵەکانی درێژە پێی دەدات، بۆ ڕەخساندنی زەمینەی کارکردنی پێکەوەیی فراکسیۆنە کوردستانیەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند.
یەکێتی پێداگری لەوەرگرتنی پشکی خۆی لە حکومەتی عیراق دەکات
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پشتیوانی خۆی بۆ هەڵوێست و هەنگاوەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتکردەوه و پێداگریشی کرد لە وەرگرتنی پشکی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق.
لە تەوەری تەرخانکراو بۆ گفتوگۆکردن و تاوتوێ کردنی بارودۆخی سیاسی کوردستان و گفتوگۆکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتی کارنامەیەکی هەمەلایەنی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێ گەڵاڵە کردووە، بە ئامانجی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە و کەموکورییەکانی حوکمڕانی لە هەموو بوارەکاندا، کە بەلای یەکێتی-یەوە کارنامەی حکومەت بۆ حزمەتکردنی خەڵک و حوکمڕانیەکی سەرکەوتوو گرنگە، بەشداری ڕاستەقینە و کاریگەری یەکێتی و لایەنەکانی تر، وەرگرتنی بڕیاری هاوبەش و بەرپرسیارێتی هاوبەشیش گرنگە بۆ سەرکەوتنی کابینەکه و جێبەجێکردنی کارنامەکەی.
کۆبونەوە پێداگری کرد لەسەر ئەوەی، گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت درێژەی پێیبدرێ، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی هەستیاری کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ژیان و گوزەرانی خەڵک و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان، لایەنەکان ڕاشکاوانە گفتوگۆ بکەن، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان و دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی و ئارامی هەرێمی کوردستان.
یەکێتی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەدۆخی نەخوازراوی کەرکووک چڕدەکاتەوە
ئەنجومەنی سەرکردایەتی، دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکانی هەڵسەنگاند، دۆخی ناجێگیرو نائاسایی ئه و ناوچانە و هەندێ له و هەوڵ و بڕیارانەی، بۆ سەرلەنووێ شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکووک و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەدرێن، بەوردی تاوتوێ کرد، سەرلەبەری ئه و هەوڵ و بڕیارە نادەستوریانە ڕەتدەکاتەوە، هەوڵەکانیشی چڕدەکاتەوە بۆ کۆتایهێنان به و دۆخە نەخوازراوە.
چەند لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێکدەهێنرێت
هەڵسەنگاندنی کاروباری ئۆرگان و دامودەزگاکانی حزب، چۆنێتی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و سازدانەوەی ئۆرگانەکان و هەڤاڵان، بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانی قۆناغەکە. لەمبارەیەشەوە بڕیارو ڕێوشوێنی پێویست وەرگیرا.
لەبەر ڕۆشنایی گفتوگۆی هەڤاڵان، کۆبونەوە بڕیاری پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنەی دا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و پرۆژەی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دۆسیەی بەغدا، کوردستان، ڕاگەیاندن، دارایی گشتی و هاوکاریکردنی حکومەت بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەپاندنی سەروەری یاسا.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
#01-12-2018#