دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەهۆی لێنەکردنەوەی پۆستەرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە شاری #سلێمانی#، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #بزووتنەوەی گۆڕان# غەرامە کران.
رزگار ئەحمەد، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لەڕێگەی تیمەکانەوە مانگێک و 10 ڕۆژە ئەو پۆستەرانەمان لێکردۆتەوە و هەموو قەوارەکان سەرپێچییان هەبووە و بەشێوەی ڕاپۆرت بۆ نووسینگەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن نێردراوە بۆ ئەوەی لەو بارمتەیەی لەلایەن قەوارەکانەوە دانراوە غەرامە بکرێن.
سەبارەت بەو لایەنانەی زۆرترین سەرپێچییان کردووە و بڕی غەرامەکانیان، ناوبراو ڕوونیکردەوە بەهەمووی نزیکەی 8 ملیۆن و 500 هەزار دینارە، یەکێتی 2 ملیۆن و 500 هەزار، پارتی 2 ملیۆن، گۆڕان 1 ملیۆن و 500 هەزار.
رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، شارەوانی سلێمانیش ماوەی مانگێک مۆڵەتی دایە لایەنەکان بۆ لێکردنەوەی پۆستەرەکانیان، بەڵام لەرۆژی 1-11-2018ەوە شارەوانی، هەستا بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور[1]
#04-12-2018#