#وەزارەتی تەندروستی#ی هەرێم، کۆگای ناوەندی دەرمانی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، وەزیری تەندروستیش دەڵێت، بەغدا تەنها 40% بۆ 50%ی دەرمانی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەوەی دیکەی حکومەتی هەرێم خۆی دەیکڕێت.
ئەمڕۆ، لە مەراسیمێکدا لە #هەولێر#، کۆگای ناوەندی دەرمان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە تایبەتە بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم، کۆگاکە لەسەر ڕووبەری هەشت هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، چوار ملیار و 400 ملیۆن دیناری تێچووە.
لەکاتی کردنەوەی کۆگاکەدا، ڕێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، ڕێکخراوی یونسێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕی 250 هەزار دۆلار هاوکاریی وەزارەتەکەی کردووە بۆ دروستکردنی ئەو کۆگایە، کە بە پێی سیستمی کارپێکراوی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دروستکراوە.
بەوتەی وەزیری تەندروستی، وەزارەتەکەی بە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی هەیە، ئەگەر قەیرانی دارایی چارەسەر بکرێت، پڕۆژەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕێکەوت حەمەرەشید ئاشکراشیکرد، حکومەتی عێراق تەنها 40% بۆ 50%ی دەرمانی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەوەی دیکەی لەلایەن #وەزارەتی دارایی# هەرێم بودجە بۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دابیندەکرێت و دەرمانی پێدەکڕن، مانگانەش بە بڕی شەش ملیار دینار دەرمان دەکرن، بۆیە وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی وەزیری نوێی تەندروستیی عێراق دەکەین لە بارەی پرسی دەرمان و ڕەوشی تەندروستی گفتوگۆ دەکەین.[1]
#04-12-2018#