هاوەڵکار وشەیەکە، وەسفی کار دەکات، لە ڕووی (کات، چۆنێتی، شوێنی، چەندێتی) ڕوودانی کارەوە.
سنوور بۆ ڕوودانەکەی دادەنێت، دەبێتە تەواوکەری کاری (تەواو و ناتەواو).
یەکەم: هاوەڵکار لە ڕووی دروستبوونەوە دەکرێن بە سێ بەشەوە:
1- هاوەڵکاری سادە: لە وشەیەکی سادەی واتادار پێکدێت و دەبێتە تەواوکەری کار.
نم/ (پەلە، خێرا، هەینی، ئەوا...هتد)
2- هاوەڵکاری دارێژراو: هاوەڵکار یا وشەیەکی سادەیە لەگەڵ زیادەیەک (پێشگر یا پاشگر)ێک، دەبێتە تەواوکەری کار.
نم/ بەپەلە، بەخێرایی، بەئازادی، بەهێمنی، بەتیژی، بەجوانی...هتد
3- هاوەڵکاری لێکدراو: لە دوو وشەی واتادار پێکدێت، مەرجە وشەیەکیان هاوەڵکار بێت و دەبێت بە تەواوکەری کار.
نم/ بەسەرخۆشی، بەبێهۆشی، بەسەربەستی، پشتاوپشت، دەماودەم، دەستاودەست، لەناوباخەکە، لەسەرشاخەکە...هتد
دووەم: هاوەڵکار لەڕووی واتاوە دەکرێت بە چواربەشەوە:
1- هاوەڵکاری کاتی: جۆرێکی هاوەڵکار، وەسفی کاتی ڕوودانی کار دەکات.
نم/ (وا، ئێستا، هەینی، ڕۆژی شەممە، زستان، هاوین، پاییز، بەهار، یەکشەممە، مانگی دوانزە، ساڵی پار، پار، پێرار، دوێنی، ئێوارە، بەیانی،شەوانە...هتد
2-هاوەڵکاری شوێنی:جۆرێکی هاوەڵکارە، شوێنی ڕوودانی کار ڕووندەکاتەوە- وەسفی شوێنی ڕوودانی کار دەکات.
نم: خوار، ژێر، ژوور، سەر، لەناو، لەسەربان، لەبن دارەکە، لەناوباخەکە، لەسەرشاخەکە،...هتد
3- هاوەڵکاری چۆنێتی: جۆرێکی هاوەڵکار، چۆنێتی ڕوودانی کار ڕوون دەکاتەوە.
نم/ بەجوانی، بەپەلە، پیاوانە، ژنانە، کوڕانە، دەماودەم، بەئارامی، بەسەربەستی، بەدڵتەنگی، بەخەمباری....هتد.
4- هاوەڵکاری چەندێتی: ئەو جۆرەی هاوەڵکارە، کە بڕ و ئەندازەی ڕوودانی کار ڕووندەکاتەوە.
نم/ (زۆر، کەم، نەختێ، مەنێک، گوێلێک، قومێک، خارەتێک، فەرسەخێک، دۆنمێک، مشتێک...هتد.
سێیەم: هاوەڵکار لەڕووی ئەرکەوە:
1- تەواوکەری کاری تەواوی تێپەڕ و تێنەپەڕ: نم/ بابەتەکەم بەوردی نووسیوە.
بەوردی: هاوەڵکاری چۆنێتییە، تەواوکەری کاری تەواوە.
نووسیوە: کاری ڕابردووی تەواوە، تێپەڕە.
نم/ زریان بەئارامی هات.
بەئارامی هاوەڵکاری چۆنێتییە، تەواوکەری کاری تەواو
هات: کاری ڕابردووی سادەیە، تێنەپەڕە.
1- تەواوکەری کاری ناتەواو:
نم. ئەمڕۆ سێ شەممەیە.
سێ شەممە: هاوەڵکاری کاتییە، تەواوکەری کاری ناتەواوە.
ی: پیتی نەبزوێنە، ناوبەندە
ە: کاری ناتەواوە، بۆ کاتی ئێستا.