دواڕۆژ، زریان محەمەد
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی #سلێمانی# ئاشکرایدەکات، لەماوەی مانگی ڕابردودا بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان هەر شوێنێک پابەندی مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن نەبووبێت ڕووبەڕووی سزای ماددی و یاسایی کراوەتەوە و له و مانگەدا زیاتر لە 8 ملیۆن دینار غەرامەی کاسبکاران کراوە.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە مانگی تشرینی دووەمی 2018دا، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی (3.719) سەردانیان بۆ شوێنە گشتییەکان ئەنجامداوە، لە کۆی ئه و سەردانانەشدا بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستی و ڤیتێرنەرییەکانەوە (490) شوێن ئاگادارکراونەتەوە کە پابەندی مەرج و ڕێنماییەکان بن، (272) شوێنیش سزای ماددی دراون هەروەها بەهۆی بەردەوام بوون لەسەر سەرپێچی (6) شوێن داخراون.
وتیشی: لە هەمان مانگدا، زیاتر لە (53) تەن و (2) سەد کیلۆگرام مەواد و خۆراکی ماوەبەسەرچوو بە بڕیاری قایمقامی سلێمانی لەناوچەی تانجەرۆ لەناوبراون.
ئاماژەی بەوەشدا: کۆی گشتی پارەی غەرامەکراویش بریتییە لە (8) ملیۆن و (5) سەد هەزار دینار، بەپێی یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.
بەپێی ئه و ڕێنماییانەی لیژنە هاوبەشەکان کاری پێدەکەن، هەر شوێنێکی کارکردن پابەندی مەرجەکانی تەندروستی ڤێتێرنەری و بازرگانی نەبێت، سەرەتا ئاگاداردەکرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت و لە حاڵەتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکاندا دادەخرێن و پاشان ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.[1]
#06-12-2018#