یەک لە شاعیرانی کلاسیکی کوردییە. ساڵی 1801 لە گوندەی #قەمەشە#ی شارۆچکەی #ماییدەشت#ی #کرماشان# لەدایکبووە، ساڵی 1881 کۆچی دوایکردووە.
سەید یەعقووب کوڕی سەید وەیسی لە ساڵی1802 لە گوندی قەمشەی ناوچەی مایدەشتی کرماشان لەدایک بووە. بە بنەماڵە دەچنەوە سەر سەیدانی سامرەیی و لە قەمشە دەژین. کوردی ئەو ناوچەیە و بنەماڵەی شاعیر لەسەر ئایینزای شیعەی دوازدە ئیمامین. خوێندنی لەسەر دەستووری ئایینی کۆن بووە و لە سەرەتای ژیانیدا هەوڵی داوە ببێ بە میرزا، واتە خوێندەواری ئەو سەردەمە و بۆ ئەم مەبەستە سەری لە کرماشان داوە، ڕێی کەوتووتە کرند و بێستوون، گەشتی تاران و قوم و شیرازی هەیە.
دەنگوباسی خوێندەواری و شیعری سەید گەیشتووتە دیوەخانی ئیمام قولی میرزای دوەڵەتشا و پاشان لە لای مامە محەمەدحەسەن خانی فەرمانڕەوای کەلهوڕ وەک نووسەری دیوەخان لە ساڵی1831 لەوێ دامەزراوە و تا کۆتایی ژیانی لەو ماڵە گەورەیە ماوەتەوە. سەید ڕۆشنبیری چاکی سەردەمی خۆی بووە، بە خەتخۆشی ناوبانگی ەرکردووە و لە زانستی مۆسیقا و بەکارهێنانی ئامێری تەموور هاوتای کەم بووە و شارەزایی زۆری لە ئاوازی مەقامەکان بە تایبەتی هۆرە بووە.
هەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن چووبێتە سەر ئایینی یارسان، لە شیعریدا شوێنەواری ئەم ئایینە بەرچاو ناوکەوێ، وا دەگێڕنەوە سەید یەعقووب هەندێ جار کە تووشی باری عیشق و ڕاکێشانی سۆفیزم دەبوو بەسەر وڵاغەوە غار غارێن و جلیتبازی دەکرد و هۆرەی دەچڕی. نازناوی شیعری سەید یەعقووب سەییدە، هەندێ جاریش سەی یاقۆی بەکارهێناوە، لەبەر ئەوە لە ژیانی شاعیریدا بەسەی یاقۆش ناسراوە، لە ناو خەڵکی بە سەید یەعقووبی ماهیدەشتی ناوبانگی دەرکردووە. شاعیر لە ساڵی 1881 کۆچی دواییکردووە و تەرمەکەی براوەتەوە ئاوایی قەمەشە و لەوێ نێژراوە.
شیعرەکان
سەی یاقۆ شیعرەکانی بە شێوەزاری کوردیی گۆرانی نووسیوە و سەرەڕای ئەو شێوەزارەش، هۆنراوەی بە سۆرانی و هەورامی داناوە. دیوانەکەی نزیکەی 20 هەزار هۆنراوە بووە تیاچووە و نەماوە، ئەوەی ماوە و بە دەست گەییشتووە دەوری هەزار هۆنراوەیە، بەڵام بە چاپ نەگەییشتووە. ناوەرۆکی شیعرەکانی ئایینی، وەسفی جوانی سرووشت، خۆشەویستی و دڵداری بووە. بە شاعیرێکی کلاسیزم دانراوە و بڕێک لە شاعیرانی فارس و هەروەها نالی کاریگەرییان لە سەری بووە. شیعرەکانی وشەی بیانی عەرەبی و فارسی لەخۆدەگرێتەوە و لاسایی کردووە لە شاعیرانی شێوەزاری گۆرانی کە کێشی خۆماڵی بەکاردەهێنێت. شارام نازری یەکێک لە شیعرەکانی سەی یاقۆی لە گۆرانییەکدا بە کار هێناوە.
شیعری ئەم شاعیرە لە ناو دڵی خەڵکی جێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و ماوەیەکی زۆر لە دەسنوودا پارێزراوە و ساڵی1984 بۆ یەکەم جار دیوانەکەی لە چاپ دراوە. سەید یەعقووب ئاگاداری زاراوەکانی زمانی کوردی بووە: هەورامی، سۆرانی، لەکی، کورمانجی. شاعیرانی ئەم ناوچانەی ناسیوە، بەتایبەتی نالی خۆشویستووە و بە شاعیرێکی گەورەی داناوە و شانازی پێوە کردووە و سەرکەوتووانە لاسایی شیعری نالی کردووتەوە. لە ڕووی ڕوخسارەوە شیعری سەید لەسەر دوو بەشی شیعری خۆماڵی لەسەر ئاوازی هۆرە و شیعری عەرووزی دانراوە و لەم بوارەدا لەژێر کاریگەریی نالی بووە.
بەرهەمی شاعیر وێنەی شیعرێکی بەرزی زمانی کوردییە، زادەی تێکەڵاوی بنزاراوەکانی زمانی کوردی ئەو ناوچانەیە بە زاراوەی گۆرانی و ئینجا موتوربەکردنی ئەمە بە زاراوەی کوردی ناوەندی (سۆرانی) .
وێنەیەک لە شیعری سەی یاقۆ:
شۆرێ بە سەرم کەوتیە لەم مەستیی چاوە
لەم جێگە نەنیشم مەگەر ئەو جێگە شەراوە
ئەم زولف و ڕوخی دلبەرە یا لەیل و نەهارە
یا هەورە ڕەشی پەردەکەشی بانی هەتاوە
ڕوخساری تۆ وەک مانگ دوو زولفت وەکوو عەقرەو
هەرچەن کە قەمەر عەقرەوە ڕازیم بە قەزاوە (سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریان
مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە) ماچان کە غەزالان چەڕنی شۆرە زەمینە
پەس ئاهوویی من چیشە کە لەم جێگە ڕماوە
ئەی دڵ گوزەرێ کە وە قوڵنگ تاشییی فەرهاد
بین ناڵەکەی ئەیژنەوی لەو دڵی کاوە
زاهید وە خودا غەیری خەمی ئەبرۆیی دڵدار
مەیلم نە وە مزگەفت و نە دەیر و نە کیتاوە
زولفت وە ڕوخت وە ه چ پەرێشان و وڵاوە
سەبرە و بە دڵی شیفتە یەکبارە ڕژاوە
چاوانی نیگارم وە سپاهی موژەما چوون
ئەی لەشکری خوون ڕێژ ئەمە وەقتی چپاوە
دلبەر لە غەمت (سەیید) ی پێچارەیی سەرشەو
خوون ڕێژییە لەم چاوە حەتا سوبحی دەماوە