دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر ئاشکرایدەکات: لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا چوار هەزار کەس بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراون و زیاتر لە 200 پارچە چەکیش دەستی بەسەرداگیراوە.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی کانونی یەکەمی 2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ماوەی چەند مانگێکە بە بەرنامە پلانێکمان بۆ نەهێشتن و کۆنترۆڵکردنی دیاردەی چەکداری داڕشتووە و له و هەڵمەتەدا توانراوە زیاتر لە 200 پارچە چەک دەستیان بەسەردابگیرێت و خاوەنەکانیشیان دراون بە دادگا.
ئەوەشی خستەڕوو: پێدانی مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بە ڕێژەی 80% کەمکراوەتەوە و ئەو 20%ەش کە مۆڵەتی چەکهەڵگرتنیان پێدەدرێت ڕێوشوێنی زۆر قورسیان لەگەڵدا دەگیرێتەبەر و مۆری پەنجەیان لێوەردەگیرێت، موڵەتەکەش بە فلتەری چەندین لایەنی پەیوەندیدار تێپەڕ دەبێت.
بەوتەی ئه و بەرپرسە ئەمنیەی هەولێر تاوەکو کۆتایی مانگی ڕابردوو (4324) کەس لە هەولێر لەسەر هۆکاری جیاواز دەستگیرکراون، لەناو ئەمانەدا هەندێک ڕووداو چەند کەسێکی لەسەر دەگیرێت، بەڵام پاشان ئەو کەسانەی بێتاوانن ئازاد دەکرێن.
ئاماژەشی بەوەکرد: تاوەکو ئێستا 56 تۆمەتباری داواکراوی #سلێمانی# لە هەولێر دەستگیرکراون و دراونەتەوە بە پۆلیس یان ئاسایشی سلێمانی.
لیوا عەبدولخالق وتیشی: ئەگەر باری دارایی و ئابووری هەرێم بەرەو باشی بچێت، ئەوا یەکێک لە گرنگترین کارەکانمان ئەوەیە کە 10 هەزار کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو بە دوو قۆناغ لە هەموو شاری هەولێر دادەنێین.
پێداچونەوە: شیروان شەریف[1]
#09-12-2018#