دواڕۆژ، ڕاپۆرتی پشتیوان جەمال
بەرپرسێکی نووسینگەی تۆمارکردنی لە دایکبوون و مردووان لە شاری #سلێمانی# ئاشکرایدەکات: ئەمساڵ ناوەکانی (لاوی) بۆ کوڕ و (مەیلی) بۆ کچ، زۆرترین ئەو دوو ناوەن کە دووبارە بوونەتەوە، لە حاڵەتێکی نامۆشدا خێزانێکی عەرەب ئەمساڵ لە سلێمانی منداڵێکیان بووە و ناویان ناوە (سەدام حسێن).
بەپێی ئاماری نووسینگەی تۆمارکردنی لە دایکبووان و مردووان لە شاری سلێمانی، لە 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا 21 هەزار و 815 منداڵ لەدایکبوون، لەوەش 11 هەزار و 251 منداڵیان لە ڕەگەزی نێر و 10 هەزار و 564 منداڵیشیان لە ڕەگەزی مێینەن.
لە ئامارەکەدا شوێنی لەدایکبوونی منداڵەکانیش بەمشێوەیە ڕوونکراوەتەوە: (لە نەخۆشخانەی حکومی 5 هەزار و 342 کوڕ، 5 هەزار و 315 کچ، لە نەخۆشخانەی تایبەت 3 هەزار و 381 کوڕ، 3 هەزار و 5 کچ، لە ماڵەوە 2 هەزار و 410 کوڕ، 2 هەزار و 137 کچ، منداڵبوون دوای تۆمارکردن لە دادگا 118 کوڕ، 107 کچ).
شیروان محەمەد، بەرپرسی ئامار و کۆمپیوتەر لە نووسینگەی تۆمارکردنی لە دایکبووان و مردووان لە شاری سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو ئامارە تەنیا دانیشتوانی نیشتەجێی شاری سلێمانین، یان هەندێجار خێزانی دەرەوەی سلێمانی هاتوونەتە سلێمانی و لێرە ژنەکە منداڵی بووە و تۆمارکراوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد: لە سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی لەدایکبووان کەمیکردووە، بەجۆرێک لە هەر ساڵێکدا نزیکەی سێ هەزار لەدایکبوونی منداڵ کەمیکردووە.
شیروان محەمەد ئاشکراشیکرد: ئەمساڵ ناوی لاوی بۆ کوڕ و مەیلی بۆ کچ، زۆرترین ناوی دووبارەبووەوەی منداڵ بووە، جگە لەوەش ناوەکانی خونچە و مینا زۆر بەکارهاتون.
سەبارەت بەو ناوە جیاوازانەی ئەمساڵ تۆمارکراون، شیروان دەڵێت: ئەمساڵ سێ ناوی زۆر جیاواز لای ئێمە تۆمارکراون، ناوی (سەدام حسێن) کە خێزانێکی عەرەب بوون، هەروەها ناوی (ژەهر) خێزانێکی کورد بوون پێشمانوت بۆچی ئەو ناوە لەو منداڵە دەنێن، وتیان باوکی ئەو ناوەی بۆ هەڵبژاردووە، هەروەها ناوی (کوردستان) بۆ کچ کە خێزانێکی عەرەب بوون.
لەو بارەیەوە زانست زانا، توێژەری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ناونانی (سەدام حسێن) بۆ منداڵ پەیوەندی بە باکگراوندی ژیانی مرۆڤی عێراقی و پاشخانی مێژوویی و شوێنی ژیانی خێزانەکان هەیە. دەشڵێت: ڕەنگە ئەو کەسەی ناوی منداڵەکەی ناوە سەدام لەبەر یادگاری خۆشی سەدام نەبێت، بەڵکو ڕەنگە لاچوونی سەدام هێندەی دیکە دژواریی ژیانی بۆ دروستکردبێت.
سەبارەت بە ناوی (ژەهر)یش، زانست ڕوونیکردەوە: ڕەنگە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئەو خێزانە بە دۆخێکی زۆر ناخۆشدا تێپەڕیون، یان چیرۆکی لەدایکبوونی منداڵەکە یان چیرۆکی خێزانەکە ڕەنگە ساڵێکی زۆر تاڵ بووبێت، بێگومان حاڵەتێکی دیکەش پەیوەندی بەلاساییکردنەوەی دراماکانەوە هەیە.[1]
#09-12-2018#