بە داخەوە هەواڵی کوشتنی هونەرمەند و سینەماکاری گەنج و دڵسۆزی بانەیی #ڕەحیم زەبیحی# و براکەیمان بیست. هونەرمەند و سینەکارێک، کە بە درێژایی کارە سینەماییەکانی هەمیشە لە هەوڵدابووە ئازار و مەینەتیی گەلەکەی بۆ هەموان بخاتەڕوو و وەک هونەرمەندێک کە لە دڵی گەلەکەیدا جێگای خۆی کردبووە، گیان لەدەستدانەکەی ئازاری بە دڵمان گەیاند.
لەم ڕۆژانەدا کە هەموومان کاریگەربووین بە مەرگی گوماناوییان، ئەوپەڕی هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی بەڕێزی زەبیحی، خەڵکی هونەردۆستی بانە و هاوڕێکانی ڕادەگەیەنین.
رەحیم زەبیحی دەرهێنەرێکە، کە چەندین فیلمی لە کارنامەکەیدا هەیە و چەندینجار بەشداریی فێستیڤالە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکانی کردووە و خەڵات و سوپاسنامەی پێ بەخشراوە.
زۆربەی فیلمەکانی لە دژی توندوتیژیی سەر ژنان و منداڵان و قوربانیانی جەنگ بووە و دیدێکی ڕەخنەگرانەشی بەرامبەر بە جیاکارییەکانی کۆمەڵگەکەی هەبووە.
ئەو هونەرمەند و سینەکارە لە کاتێکدا گیانیان لە دەستداوە، کە لەم دوایانەدا سەرقاڵی کارکردن و لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ئازار و مەینەتی و کوشتاری #کۆڵبەر#ان، بۆیە ئەم ڕووداوە (رووداوی گیان لەدەستدانەکەی) لەم کاتەدا زۆر جێگای لێوردبوونەوەیە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە.
هەر لەبەر ئەوەش داوا لە خەڵکی هونەردۆستی بانە و دۆستان و هونەرمەندانی بانە دەکەین تاوەکو ڕوون بوونەوەی بابەتی گوماناوی بوونی گیان لەدەستدانی زەبیحییەکان بێدەنگ نەبن و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی ئەو ڕووداوە بخەنەڕوو.
جارێکیتریش هاوخەمی و پەژارەی خۆمان بۆ ئەو زیانە گەورەیە بۆ بنەماڵەی ڕەوانشاد، دۆستان و هونەرمەندانی دڵسۆزی بانەیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەینەڕوو.
کۆمیتەی ڕۆشنبیری و هونەریی کۆدار
#10-12-2018#