بەپێی ئامارێک لەساڵی 2017ەوە هەتا ئێستا بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەسنوری پارێزگای #دهۆک# 14 هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون.
رزگار کێستەیی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک وتی لەساڵی 2017 تاوەکو ئێستا، 14 هاوڵاتی سڤیل لەسنوری پارێزگای دهۆک بەهۆی بوردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون، ئێمە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی تایبەتمان بۆ ئەم بابەتە پێکهێناوە و چەند داتایەکمان وەرگرتووە لەسەر ژمارەی بریندار و شەهیدەکان هەروەها زیانە مادییەکان و ڕەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکمان کردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن.
کیستەیی ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەشەهید و بریندارەکان قەرەبوو نەکراوون، حکومەتی هەرێم و بەغدا کەمتەرخەمییان کردووە و دەبێت بەزووترین کات ئەو هاوڵاتیانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبو بکرێنەوە، دەبێت سنورێک بۆ تورکیا دابنرێت بۆ ئەوەی چیتر گوندەکانی کوردستان بۆردوومان نەکات چونکە خەڵکی ناوچەکە تووشی زیانێکی زۆر گەورە بوون.
بەپێی زانیارییەکانی ژیان لەساڵی2017 تاوەکو ئێستا لەشارۆچکەی #ئامێدی# 198 گوند چوڵکراوون، سنوری قەزای #زاخۆ#78 گوند چوڵکراوون، سنوری قەزای #ئاکرێ# 20 گوند چۆڵکراوون، بەگشتی لەسنوری پارێزگای دهۆک 296 گوند چوڵکراوون.
لەئێستادا وەک ئەنجامدانی فشار بۆ ڕاگرتنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لەلایەن ژمارەیەک لەچالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسەوە لەپارێزگای دهۆک هەڵمەتێکی ئیمزا کۆکردنەوە بەڕێوە دەچێت.
مستەفا بامەڕنی، ڕۆژنامەنوس و یەکێک لەرێکخەرانی هەڵمەتەکە وتی بەهۆی زیادبوونی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ ئەم سنورە کە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک لەهاووڵاتی سڤیلی لێکەوتەوە و چەند گوندێکیش بەو هۆیەوە چۆڵکران، وەک ژمارەیەک لەرۆژنامەنووسانی بێلایەن و چالاکوانی مەدەنی هەستاین بەئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە.
وتیشیئیمزاکان وەکو سکاڵا و یاداشتنامەیەک بەرز دەکەینەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دادگای باڵای عێراق و لەگەڵ ئەوەشدا هەمان یاداشت بەرزدەکەینەوە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا.
ژیان زانیوویەتی لەکۆی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کەسی دانیشتووی پارێزگای دهۆک، لە هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوەکەدا تەنها 1200 ئیمزا کۆکراوەتەوە.[1]
#10-12-2018#