- جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان...
- ڕێبوارانی ڕێی سەخۆبوون و ئازادی کوردستان...
بەخەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیین کەوا ئەمڕۆ شەمە 8 ی کانوونی یەکەم، بیرمەندی مەزنی نەتەوەییمان نووسەرو زمانەوان و کەسایەتی ناسراوی کورد و کوردستان پرۆفیسۆر د. #جەمال نەبەز# لە تەمەنی 85 ساڵیدا ماڵئاوایی لێکردين.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی سەربەرزی کۆچکردوو و تەواوی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان دەکەین و هاوخەمیی و دڵتەنگی خۆمان ڕادەگەیەنین.
کۆچی دوایی مامۆستا جەمال نەبەز بیرمەندی مەزنی بیری نەتەوایەتی، زیانێکی مەزنە بۆ سەرجەم بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان و بواری ڕۆشنبیری و نووسین و ڕامان و شرۆڤەکردنی ڕەوشی سیاسی کوردستان، قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانەش ئەستەمە، لەبەرئەوەی لە تەواوی دیرۆکی کوردستاندا مامۆستا جەمال نەبەز کەسایەتی و بیرمەندێکی بێوێنە بووە و دووبارەبوونەوەشی ئەستەمە.
ئەگەر چی مامۆستا جەمال نەبەز بە جەستە جێیهێشتین، وەک ناو بەردەوام وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی کوردەواری هەمیشە دەگەشێتەوەو و پڕشنگی هزرو ڕامان و نووسینەکانی لە بواری بیری نەتەوەیی و زمانەوانی و ڕۆشنبیریدا ڕێگا ڕۆشنکەرەوەی ئێستاو داهاتوومان دەبن و، خەباتی مامۆستا جەمال نەبەز بۆ لەپێناو ئازادی مرۆڤ و تەواوی مرۆڤایەتی بوو، دەتوانین بڵێین ئەوانەی بۆ مرۆڤایەتی و نەهێشتنی چەوسانەوه و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی تێکۆشاون هەمیشە بە نەمری و زیندوویی دەمێننەوە، ئه و کاتەی کە بەجەستە نامێنن ژیانی ڕاستەقینەی ئەوان دەستپێدەکات و کۆمەڵگاکەیان و مرۆڤایەتی زیاتر هەست بە بوونیان دەکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین مامۆستا جەمال نەبەز بۆ هەتا هەتا دەمێنێ و نامرێ.
هەزاران سڵاو لە ڕەوانی پاکی مامۆستای کوردایەتی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز.
#غەفوور مەخمووری#
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
#08-12-2018#