دوای ئەوەی دوێنێ هەواڵی دەستگیرکردنی مێردمنداڵێک بڵاوکرایەوە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری هەرێم و دواتر کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوە کرد کە کوڕەکەیان بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و ئەشکەنجەدراوە و ڕێگەنەدراوە بیبینن، ئەوەبو هەر دوێنێ شەو بەفەرمانی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستە و نوسینگەی #سلێمانی# ڕاسپێردران بۆ بەدواداچون و پەیوەندیکردن بە لایەنی پەیوەندیدار بۆ وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچون بۆ کەیسەکە، ئەوەبوو ئەمڕۆ پێش نیوەڕۆ بەپێی ڕاپۆرتی کۆتایی کە گەیشتە دەستەی مافی مرۆڤ ئەو کوڕە بەناوی (ه. م. ا) بەفەرمانی داوەری تایبەتمەند دەستگیرکراوە و کەیسەکەشی لە قۆناغی لێکۆلینەوەیە بۆ ئەو مەبەستە و تەواوی ناوەرۆکی کەیسەکە سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ (ضیاء بطرس صلیوا) لێدوانیدا و وتی: ئێمە لە یەکەم ساتی بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لەسەر خەت بوین و بەدواداچونمان کردوە و نەمانویستوە پێش زانیاری و قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بکەوین بۆیە ئەمڕۆ بەفەرمی توانیمان بە ڕاپۆتێکی تایبەت و بەدواداچونی نوسینگەی سلێمانی بگەینە چەند ڕاستیەک ئەویش ئەوەبو تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و ماوەی 40 ڕۆژ زیاترە لای ئاسایشی سلێمانی-یە و بەپێی مادەی 264 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە دزین و هاککردنی بەڵگەنامەی ڕەسمی و ساختەکردن، وتیشی کەیسەکە تائێستا لەژێر لێکۆلینەوە دایە و ناکرێ زیاتر شتی لەسەر بگوترێ، چونکە هەریەک لە دەزگای دژەتیرۆر و دادگای سلێمانی ڕونکردنەوەیان داوە و پێویستە ڕێز لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادگا بگیرێ، وە وتیشی بەپێی یاسا پێویستە ئەو تۆمەتبارە پارێزەری خۆی هەبێت و ڕێگەش بە کەسوکاری بدرێت سەردانی بکەن تا کۆتایی بڕیاری دادگا. ئاماژەشی بەوە کرد کە وەک دەستە داوامانکردوە بۆچی بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دادگایی نەکراوە. لە وەڵامدا دادگا ئاماژەی بەوە کردوە کە بەهۆی ئەوەی زانیارییەکان ئەمنی بوە و پەیوەست بوە بە ئاسایشی نەتەوەیی و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیان بۆیە بە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی کراوە.
لەبارەی ئەگەری ئەشکەنجەدانی سەرۆکی دەستە وتی: تیمی ئێمە بەیانی سەردانی ناوبراو دەکەن و تەنانەت سەردانی شوێنی مانەوەی دەکەن و بەدواداچون بۆ بابەتی بونی ئەشکەنجەدان دەکەن و سەردانی دادگاش دەکەن، وتیشی وەک دەستە نەوەک هەر بۆ ئەو کەیسە بەڵکو بۆ هەموو کەسێک ئێمە ئەشکەنجەدان و بەزۆر دانپێدانان ڕەتدەکەینەوە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی دەستگیرکرا و تۆمەتبارانە، چونکە وەک لە یاسا هاتوە هەموو کەس بێتاوانە تا لە دادگا تاوانەکەی بەسەردا دەسەپێت.
دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان
#11-12-2018#