دەوڵەتی تورک ئامانجی خوی دیاری کردووە. بۆ له ناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان سوێندی خواردووە. کردوەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردووی ئەم ڕاستییە بە بەرفراوانی نیشان دەدەن. لە باکووری کوردستان بەردەوامی بە وێرانکارییەکانی خۆی دەدات و وڵاتی لە گەل و ڕێبەرانی کردووە بە گرتووگە. تەنگی بە گەل هەڵچنیوە. ڕێوەبەریی دەوڵەتی تورک، بەرەی ئەردۆغان و باخچەلی، پەرگالێکی غەدداریان دروست کردووە و تەنیا بە زوڵمی نێوسنوور ڕانەوەستاون و دەستیان بە داگیرکەری لە دەرەوەی سنووریش کردووە. ئێستاش، ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە بە ئامانج، کە لە لایەن هێزەکانی خۆماڵییەوە بەڕێوەدەچن.
سەرۆککۆماری تورکیە، ڕەجەب تەییبت ئەردۆغان، پاش ئەوەی کە لەگەڵ شەریکەکانی، باغچەلی و ئەرگەنەکۆن، ڕاوێژکاری کرد، فەرمانی دا کە هەر لە کۆبانی و گرێسپییەوە بگرە هەتا سەرێکانی و دێرک، واتە هەموو ڕێڕەوی ژێر هێڵی قەتار، بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. ئامانجیان ئاشکرایە؛ دەیانهەوێت ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوەشێنن. دەوڵەتی تورک نایهەوێت گەلی کورد لەگەڵ هاوڵاتیانی لە وڵاتی خۆیدا بە ئازادی بژی. لەم بوارەدا، ئێران و هاوپەیمانانی حاکمی لە بەغدا و شام یارمەتیدەرین. خاڵی هاوبەشیان ئاستەنگکردنی ڕێی کوردانە.
هەوڵدانێکی بەم شێوەیە هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دەخاتە بن مەترسییەکی گەورەوە و هیچ ئەولەکاری و ئەمنییەتێکی بۆ لە گۆڕێدا ناهێڵێت. بە داگیرکردنی بەرفرەی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، باشووری کوردستانیش دەکەوێتەوە گەمارۆوە و هێدی هێدی دەخنکێندرێت. ئەوەش بە واتای ئەوەیە کە هەمووی کوردستان دەکەوێتە ڕەوشێکی مان و نەمانەوە.
لە سەر کێشەی #عەفرین# ئەوە دەرکەوت کە ڕووسیە لە فکری بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانی خۆی، ڕێژیمی شامه. لە هێرشی بەغدا بۆ سەر #کەرکووک# دا، ئەوەش دەرکەوت کە ئامریکاش لە فکری خۆی دایە. لە ناو حیساباتی ئه و زلهێزانەی کە لە ناوچەکه دان، کورد و کوردستانیش دەبێ بۆخۆیان حیسابی خۆیان بکەن. لە دژی هێزە تێرۆریستییەکان و هەندێک هێزی هەرێمی، ئامریکا لەگەڵ کورد لە ڕێکەوتنێک دایە. بەڵام بەداخەوە لە دژی دەوڵەتی تورک دەنگی خۆی نەرم دەکات و ئەوەش بوێری دەدات بە تورکیە.
ڕەوشی هەیی لە کوردستان و بەتایبەت ئه و ڕووداوە نوێیانەی دوایین لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشان دەدەن کە دەوڵەتی تورک هێرشکاری و داگیرکەرییەکانی بەردەوام دەکات. لە دژی ئەم مەترسییە گەورەیە، ڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری سەفەربەرییان داوە بۆ پاراستنی شوێن و وار و وڵاتی خۆیان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕەوشی ئێستا بە گرینگ دەبینێت و بانگ لە گەلی کوردستان و ڕێبەرانی دەکات کە ڕووداوی دوایی تەنیا بە هەڕەشە نەبینن؛ بە ڕژدی بگرنە دەست و قایمکاری پێویست وەربگرن و، پیشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. ڕێبەرانی کوردستان دەبێ پێکەوه ڕەوشی ئێستا بە بەرپرسیارییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئەستۆی خۆ بگرن و، پێکەوە پیلانی پاراستنی وڵات پێکبێنن و، بە یەکدەنگی خۆیان سەرنجی ئامریکا بۆ ئەوە ڕابکێشن کە سەرکەوتنی تورکیە بنکەوتنی ئامریکاشە.
ڕۆژێک پاش هەڕەشەکانی ئەردۆغان، ئەوانەی ڕۆژی 12ی دێسامبر، فرۆکەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک هێرشی #مەخموور# و شەنگالیان کرد. هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەش، ئەردۆغان درێژە بە هەڕەشەکانی خۆی دەدات. لە دژی ئەم هەڕەشە و هێرشانە، گەلی ئێمە لەهەر کوێ کە هەن دەبێ لەسەر پێ بن.
ڕۆژ ڕۆژی مەترسییە. گەلی کوردستان، ڕێبەران و هەموو دینامۆی وڵات لە هەر کوێ بن، لە وڵات و لە دەرەوەی وڵات، دەبێ ئەم کێشەیە لە سەرووی هەموو کارێکی دیکە بگرنە دەست و خۆیان سەفەربەر بکەن بۆ ئەوەی کە ڕێ له ئەم داگیرکەرییەی دەوڵەتی تورک بگرن.
#14-12-2018#