لە کۆی ئەو 5500 مزگەوتەی لە کوردستان هەن، 99%یان لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون، لە 7000 قوتابخانەش کە لە کوردستان هەن 99%یان لەلایەن حکومەتەوە دروستکراون. تەنیا یەک خێرخوازیش نەخۆشخانەیەکی دروستکردووە.
بەهۆی ئەو داواکارییە زۆرەی لەلایەن خێرخوازەکانەوە ئاراستەی #وەزارەتی ئەوقاف# دەکرا بۆ دروستکردنی مزگەوت، وەزارت ناچار بوو دروستکردنی مزگەوت مەرجدار بکات. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە (رووداو)ی گوت: 99%ی مزگەوتەکانی کوردستان لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون، تەنانەت لەکاتی قەیرانی داراییشدا داوای ڕێگەپێدانیان بۆ دروستکردنی مزگەوت کردووە، ئێستاش نزیکەی 70 داواکاریمان بۆ دروستکردنی مزگەوت لەبەردەستە.
گرفتی وەزارەت لەگەڵ خێرخوازان ئەوەیە بەشێکیان لەو شوێنە مزگەوت دروست دەکەن کە پێویست نییە. نەبەز ئیسماعیل دەڵێت :شوێن هەیە مزگەوتی لێیە و دەیانەوێت مزگەوتێکی دیکەش دروستبکەن، بەڵام وەزارەتی ئەوقاف ڕێگە نادات لە هەموو شوێنێک مزگەوت دروست بکرێ، بەڵکو بەپێی ڕێنمایی و پێویستی بڕیار لەسەر دروستکردنی دەدات لەو شوێنەی مزگەوتی لێنەبێت یان مزگەوتەکەی کۆن بێت و نۆژەن بکرێتەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف 5558 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان هەن. جگە لە مزگەوت ژمارەیەکی زۆر کەنیسە و مەزار و نیشانی ئێزدییەکانیش لە کوردستان هەن. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: 122 کەنیسە و 32 مەزارگەی مەسیحییەکان لە کوردستان هەن. مەسیحییەکان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە هاوکاری دەکرێن بۆ دروستکردنی کەنیسە. دروستکردنیشیان بە ڕێکاری ئێمەدا ناڕوات، بەڵکو ڕاستەوخۆ یارمەتییان دەدەن.
سەبارەت بە نیشان و مەزارگەی ئێزدییەکانیش دەڵێت: ئێزدییەکان 312 مەزارگە و نیشانیان هەیە، 193 مەزارگە و 119 نیشان، ئەوانیش لەلایەن کونسوڵخانەی وڵاتانەوە لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری دەکرێن و وەزارەتی ئەوقاف تەنیا ئاسانکارییان بۆ دەکات.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسە، نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەش لە کوردستانن، بەڵام تەنیا 72 نەخۆشخانەی گشتی و 947 بنکەی تەندروستی هەن.
د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە (رووداو)ی گوت: تەنیا یەک نەخۆشخانە لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خێرخوازێک درووستکراوە، ئەویش نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە نەخۆشییەکانی خوێن و تووشبووانی شێرپەنجەیە لە #هەولێر#، بەڵام چەند بنکەیەکی تەندروستی لەڕێگەی خێرخوازانەوە دروستکراون، ئەوانەی دیکە هەموویان لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراون.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە سێ ساڵە حکومەت نەیتوانیوە بودجە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە دابین بکات و 350 پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانە وەستاون، بە هەزاران قوتابخانەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. ساڵی 2014 هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان بەهاوکاریی ڕێکخراوەکان و ئەنجوومەنی دایک و باوکان لە قوتابخانەکان دەستیپێکرد و بەو هۆیەوە 1350 قوتابخانە نۆژەنکرانەوە، بەڵام لە دروستکردنی قوتابخانەدا خێرخوازان بەشدارییەکەی زۆر کەمیان لە هاوکاریکردنی حکومەت هەبووە، بۆ نموونە لەماوەی ساڵانی 2013 تاوەکو 2017 لە سنووری پارێزگای هەولێر تەنیا یەک قوتابخانە دروستکراوە، ئەویش لەڕێگەی کۆمپانیایەکەوە بووە.
بەپێی ئەو ئامارەی (رووداو) لە #وەزارەتی پەروەردە# دەستیکەوتووە، تاوەکو ئێستا تەنیا 28 قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون: لە هەولێر 7 قوتابخانە، #سلێمانی# 7 قوتابخانە، #دهۆک# 10 قوتابخانە و #هەڵەبجە# 3 و #گەرمیان# یەک قوتانخانە. 99%ی قوتابخانەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراون.
بەهۆی زیادبوونی ساڵانەی ژمارەی دانیشتووان، هەر ساڵێک نزیکەی 100 هەزار قوتابی تازە لە باخچەی منداڵان و قۆناغی یەکی بنەڕەتی وەردەگیرێن، بۆیە وەزارەتی پەروەردە ساڵانە پێویستی بە دروستکردنی 200 تاوەکو 300 قوتابخانەی تازە هەیە.
ئێستا یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابی لە باخچەی ساوایان تاوەکو ئامادەیی، لە نزیکەی 7000 باڵەخانەدا دەخوێنن. شۆڕش غەفووری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە بە (رووداو)ی گوت: لەکۆی ئەو 6799 قوتابخانە حکومیانەی هەن، 189 قوتابخانەیان لەکرێدان و 2006 قوتابخانە دوو دەوام و 150 قوتابخانەش سێ دەوامیان تێدا دەکرێ.
بەپێی پلانێک کە لە ساڵی 2017 دانراوە، وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ساڵی 2022 پێویستی بە دروستکردنی 3098 قوتابخانە هەیە. شۆڕش غەفووری، دەڵێت ئامانجی وەزارەت لەم پلانە 5 ساڵییە ڕزگاربوونە لە قوتابخانەی قوڕ و کابینە لە گوندەکان و نەهێشتنی دوو دەوامی و سێ دەوامی و کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکانی خوێندن.
چەند ئامارێک:
- هەر ساڵێک نزیکەی 100 هەزار قوتابی تازە لە باخچەی منداڵان و قۆناغی یەکی بنەڕەتی وەردەگیرێن.
- وەزارەتی پەروەردە ساڵانە پێویستی بە دروستکردنی 200 تاوەکو 300 قوتابخانەی تازە هەیە.
-تاوەکو ئێستا تەنیا 28 قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون کە دەکاتە 1%ی قوتابخانەکانی کوردستان.[1]
#20-12-2018#