دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان تێکڕای ئاوی ڕۆیشتوو لە هەر پێنج ڕووبارەکەی هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاد لە 29 ملیار مەتر سێجایە پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ ئه و ڕێژەیە زیاد بکات.
بەپێی ئه و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، لە وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەر پێنج ڕووباری هەرێمی کوردستان (زێی بچووک، زێی گەورە، خابوور، سیروان و ئاوەسپی) به تێکڕای ئاوی ڕۆیشتوو 29.77 ملیار مەتر سێجایە کە 17.74 ملیار مەتر سێجای لەناو خاکی هەرێمە و 12.03 ملیار مەتر سێجاشی لە دەرەوەی ئاوی هەرێمە، بەمەش 59.6%ی بڕی ئاوی هەرێم سەرچاوەکەی لە ناو هەرێمی کوردستانە و 40.4 % سەرچاوەکەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانه.
هەربەپێی ئامارەکان ئه و وەزارەتەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەرێم خاوەنی 12 بەنداوی بچووک و مامناوەند، 91 پۆندە، 25 بەنداوە و 29 پۆندی دیکەش لەژێر دروستکردندان.
ئامارەکانی وەزارەت ئەوە دەردەخەن ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە پێنج ملیار مەتر سێجا خەمڵێنراوە که 79.70 لەسەدی بۆ خواردنەوە بەکاردێت، 18 لەسەدی بۆ کاروباری کشتوکاڵی، 1.70 لەسەدی بۆ پیشەسازی و 0.30 لەسەدی بۆ کاری توێژینەوەی کشتوکاڵی بەکاردێت.
هەر بەپێی ئامارەکان نزیکەی 1.220.270 دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە پشت بە ئاودان دەبەستن: 64.500 دۆنم بەهۆی پرۆژەی ستراتیژی، 1.145.500 دۆنم بەهۆی پرۆژەی بچووک، 10.270 دۆنم بەهۆی پۆندەکان، پێداویستی هەرێمیش بۆ ئاوی خواردنەوە دەگاتە نزیکەی 800 ملیۆن مەتر سێجا و پێداویستی بۆ ئاودێری کشتوکاڵی و پیشەسازیش دەگاتە نزیکەی 7.5 ملیار مەتر سێجا.
لای خۆیەوە غازی فایق، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە وەکالەت، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پلانی ساڵی 2019دا پێشنیازی دروستکردنی 32 بەنداوی بچووک و مامناوەند و 320 پۆند و 513 پڕۆژەی ئاودێری کردوە.
ئەوەشی خستەڕوو: سەرچاوەی نزیکەی شەست لەسەدی ئاوی هەرێم ناوخۆیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان هەرێمی کوردستان پێویستی بە یاسایەک هەیە تایبەت بێت بە ڕێکخستن و پاراستن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم.
ئاشکراشیکرد: زۆری لێدانی بیر کاریگەرییەکی نەرێنی بۆ سەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم هەیە، بەشێوەیەکی گشتی ئاستی ئاوی ژێرزەوی نزیکەی 100 مەتر بەهۆی لێدانی ژمارەیەکی زۆری بیر دابەزیوە.[1]
#24-12-2018#