دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
لە شاری #سلێمانی# 900 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بەسەر مامۆستایاندا دابەشکران و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هەزار شوقەی دیکەش دابەش بکرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 5ی کانونی دووەمی 2019 لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەرپرسانی یەکێتی مامۆسایان و مامۆستایانی شاری سلێمانی، یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا دابەشکرا کە دەکەوێتە ناوچەی قڕگە لەنێوان شاری سلێمانی و شارەدێی عەربەت.
عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو پڕۆژەیە بۆ کوردستان گشتگیر بوو، پێشتر ئەوانەی شاری #هەولێر# تەواوبوون، لەشاری سلێمانیش هەزار و 900 یەکەی نیشتەجێبوونە بەشێوەی شوقە دروستکراوە، ئەمڕۆ 900 یەکە دابەشکرا و ئەوانەی دیکەش تا کۆتایی ئەمساڵ دابەش دەکرێن.
وتیشی: هەر شوقەیەک 100 مەترە و بە 56 هەزار دۆلارە و سەرەتا 10 هەزار دۆلار لەبەشداربووان وەرگیراوە و مانگانەش تا 112 مانگ قیستیان لێوەردەگیرێتەوە.
سەبارەت بەمەرجەکانی وەرگرتنی ئەو شوقانەش لەلایەن مامۆستایانەوە، سەرۆکی یەکێتی مامۆستان ئاماژەی بەوەکرد: مامۆستا لەزەوی و پڕۆژەی وەبەرهێنان سوودمەند نەبووبێت، پاشان خزمەت و منداڵ و خێزان و خاڵەکان هەژماردەکرێت.[1]
#05-01-2019#