سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی #هەڵەبجە# ڕایگەیاند، لە 500 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە ساڵی 2018دا تەنیا 34 کەسیان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە کراون.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لە 500بەرکەوتووی چەکی کیمیایی کە دۆخی تەندروستیان زۆر خراپە و پێویستیان بەوەیە لە دەرەوە وڵات چارەسەر وەربگرن، لە 2018دا تەنیا 34 یان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە کراون، ئەو 34کەسەش نەشتەرگەری چاویان هەبووە بە فشاری ئێمە و هاوکاری مەکتەبی تەندروستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە کراون.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، باسی لەوەش کرد، لە مانگی 7ی 2018وە فەرمانی بردنە دەرەوەی ئەو بەرکەوتووانەی دۆخی تەندروستیان زۆر خراپە دەرچووە. گوتیشی ئەو بەرکەوتووانە دەبوو بە چەند قۆناخێک ببرێنە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە کەس لەو مەلەفە ناپرسێتەوە ساڵ لەدوای ساڵیش ژمارەی گیانلەدەستدانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی زیاد دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان 972بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەن کە 560کەسیان خەڵکی هەڵەبجەن و لە مانگی 7ی 2018 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەو بەرکەوتووانەی پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن کە ژمارەیان نزیکەی 500 بەرکەوتوویەک دەبێت، لەساڵی 2013وە تاوەکو ئێستا 107 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی بەهۆی کاریگەری چەکی کیمیایی لەسەریان گیانیان لەدەستداوە.[1]
#05-01-2019#