دواڕۆژ، هۆگر کەمال
سەرۆکی سەندیکای شۆفێران ئاشکرایدەکات لە پارێزگای #سلێمانی# 27 هەزار تەکسی بوونی هەیە، ئەو ژمارەیەش بە زۆر دەزانێت و دەڵێت: پێشنیارمان کردووە بەکارهێنانی تەکسی بدرێت بە کۆمپانیا.
جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: 23 هیڵی پاس و هەزار و 731 پاس لەناو شاری سلێمانی هەیە.
وتیشی: لە پارێزگای سلێمانی 27 هەزار تەکسی بوونی هەیە، ئەو ڕێژەیەش زۆر زۆرە و پێشنیارمان کردووە لێخوڕینی تەکسی بدرێت بە کۆمپانیا، بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک یان زیاتر لە سلێمانی زیاتر لە 100 وێستگەی تەکسی لە گەڕەکەکان بکەنەوە و بەپێی پێویست و لەسەر داوای خەڵک تەکسی بچێتەسەر شەقامەکان.
جەلال ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەشدا: لە هەوڵداین بۆ ئەوەی تەکسی بدرێت بە کۆمپانیا، بەڵام ڕەزامەندی لایەنەکانی ماوە.
باسی لەوەشکرد: بۆ هاتووچۆی دەرەوەی شار نزیکەی 60 هێڵی پاس و تەکسی هەیە، واتە بۆ هاتووچۆی سلێمانی بۆ قەزاکانی دیکە کە نزیکەی دوو هەزار تەکسی دەبن، لە ئێستاشدا زۆرینەی پاسەکانی هێڵەکانی دەرەوە کراون بە مینی پاس.
بەپێی وتەی سەرۆکی سەندیکای شۆفێران بەهۆی کەم ئیشییەوە بەشێک لە شۆفێری پاسەکان لەناو سلێمانی هێڵەکانیان وەستاندووە و کاری پێناکەن و وازیان لەکارەکەیان هێناوە.[1]
#06-01-2019#