دواڕۆژ، زریان محەمەد
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لەشاری #سلێمانی# هەڕەشەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مریشک دەکەن ئەوەش بەهۆی کەمی نرخی مریشک لە بازاڕدا.
نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەدواڕۆژی وت: لەئێستادا ڕەوشی بەرهەمهێنانی مریشک زۆر خراپە، هەموو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە زەرەردان و ڕۆژانە زیانیان پێدەگات.
وتیشی: کیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن کێڵگەکان 2 هەزار و 250 دینارە، لە ئێستادا مریشک لەبازاڕدا کە هاووڵاتیان دەیکڕن کیلۆی بە 1400 دینارە کە ئەمە وایکردووە کێڵگە پەلەوەرییەکان وازبهێنن و بەرهەمهێنانی مریشک ڕابوەستێنن.
دەشڵێت: داوا لە حکومەت دەکەین بەزووترین کات بێتە سەرخەت و لەگەڵماندا هاوکاربێت، چونکە مریشک ئەوەندە بەرهەمدێت کەخواستی بازاڕ بەتەواوی پڕدەکاتەوە کە دەتوانین هەناردەی دەرەوەی کوردستانی بکەین، بۆیە دەبێت مریشکی بەستوو هێندە نەیەت.
کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا دەکەن: حکومەت پلان دانێت کوشتارگەی پەلەوەری هەبێت و مریشک لەخاوەن کێڵگەکان وەربگرێت و بیخاتە بازاڕەوە تا ئەوەندە توشی زیان نەبین، داواش لە دادگا دەکات لەبەرامبەر ئەو کەسانە توندبێت کە پارەی زۆرێک لە خاوەن کێڵگەکان بەناوی کۆفرۆشەوە کۆدەکەنەوە و دەیبەن.[1]
#07-01-2019#