سوپاسی زۆر بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە دوێنێوە لە هەوڵی زۆردان بۆ ئەوەی فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە جێ نەگرێت و لە جێی خۆیان و بە ئاستی بەرپرسیارێتییان، لەگەڵ ستافی سینەما سالم لە هەوڵی بەردەوامدا بوون و جێیان نەهێشتین.
هاوڕێیان،
وەک چۆن لە ڕابردوودا بێ سڵەمینەوە بەرگریمان لە دەنگی ئازاد کردووە و هەمیشە کارمان بۆ سەربەستیی فەزای گشتی بووە، وەک چۆن لە یەکەمین کتێبەوە کە ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە بۆ دوایەمین فیلم کە سینەما سالم نمایشی کردووە، کارکردن بووە بۆ بونیادنانی دنیایەکی ئازاد و سەربەست و دوور لە هەر سانسۆرێک، دوێنێ و ئەمڕۆیش بە هەمان نەفەس و بوێرییەوە جەختمان لەسەر پرەنسیپە باڵاکانمان کردووەتەوە و بێگومان، دەیکەین و دەیکەینەوە.
لە دوێنێوە دژی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەمڕۆیش دوای داخستنی دەرەگای سەرەکیی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنووس، بە جەسووریەتێکی زۆرترەوە لەسەر ئەو دوو داواکارییەمان سوور بووین؛ تا لەسەر داوای خۆیان، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەوتینە دانوستان.
بێگومان جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ''نابێت هەرگیزاوهەرگیز سینەما دابخرێت و قەت بوێرییەک نەبێت بۆ قەدەغەکردنی فیلم، چونکە ئەوە کولتوور و فیکر و ئەدەب و هونەری ئازادە دەتوانێت فەزای ئاسایشمان بۆ دروست بکات، نەک داخستن و قەدەغەکردن''.
دیسانەوە بێگومان: ئەم ئیرادەیە سەرکەوت، ئێستا سینەما_سالم کراوەیە و شتێک بە ناوی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' لەگۆڕێ نییە؛ بە تایبەتتر بۆ فیلمی 3 ڕۆژ لە 10 ساڵ: ئیتر ''قەدەغە'' نییە و تەنها کاتی نمایشەکەی دوا دەکەوێت.
بەرەو دنیایەکی کراوە و ئازاد و ئاسایی، دوور لە فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە!
ناوەندی غەزەلنووس - سینەما سالم
سلێمانی
09-01-2019