ماوەی چەند ساڵە بانکی ناوەندی عێراق پارەی وردە چاپ ناکات و ئەوەش بووەتە هۆکاری زۆربوونی نرخی دراوە وردەکان. لە بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان نرخی دراوێکی 250 دینار بە 280 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ و بەهای 500 دیناری نوێ و هەزار دیناریش بەرزترە لە نرخی ڕاستەقینەی خۆی.
لەنێو مامەڵەکارانی دراودا ئێستا 250 دیناری نوێ و بەکارنەهاتوو بەهای لە هەموو پارە عێراقییەکانی دیکە زیاترە چونکە ئەوەندە کەمبووەتەوە بەکارنەهاتووەکان و چاپی نوێی ئەو دراوە هەر 250 دینارێک بەهاکەی زیاتر لە 281 دینارە.
ئەیوب سەلام، لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە #سلێمانی# بە ڕووداوی ڕاگەیاند: 250ی لۆک هەیە 100 هەزار دیناری بە 100 دۆلارە، 500 دیناری لۆکیش هەروایە چونکە ئەوانە ڕێژەیان زۆر کەمە. 1000 دیناریش هەیە ئەمان ڕێژەیان زیاترە و 115 هەزار دیناری بەرامبەر بە 100 دۆلارە، پارەی دڕاویش هەیە لە بازاڕدا 250 دیناری تەلەفی پێدەڵێن ئەویان 130 هەزار دیناری بەرامبەر بە 100 دۆلارە واتە ئەمەیان 15 هەزاردیناری زیاترە لە بەهای دۆلار، بەڵام لۆک و بەکارنەهاتووەکە 20 هەزار دینار کەمتر دەکات.
لە جیهاندا جۆرەها سیاسەت دەگیرێتەبەر بۆ زیندوومانەوە و مامەڵەکردن بە وردەوە لە بازاڕدا، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان وردە ئەوەندە بە گرنگییەکی کەمەوە سەیر دەکرێت، بچووکترین دراو کە 50 دیناری بوو خەریکە لەبیری خەڵک دەچێتەوە.[1]
#11-01-2019#