دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
پەرلەمانتارێکی کورد ڕایدەگەیەنێت: وەزیری نەوتی عێراق پێی ڕاگەیاندون کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات جگە لەو بڕەی ڕۆژانە لە نەوتی #کەرکووک# بەڕێگەی بۆری دەیفرۆشێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانونی دووەمی 2019 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق زانیاری لەبارەی فرۆشتنی بڕە نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکەوە ئاشکراکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەزیری نەوت پێیڕاگەیاندین کە هەرێم ڕۆژانە 430 تاوەکو 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، هەروەها ڕۆژانەی 80 تاوەکو 90 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جیهان دەکات.
بەپێی وتەی ئه و پەرلەمانتارە وەزیری نەوتی عێراق ڕاشیگەیاندووە: ئێمە هیچ زانیاری دیکەمان لەسەر شێوازەکانی فرۆشتنی نەوت نییه و هیچ زانیارییەکی فەرمیمان لەلایەن هەرێمەوە پێنەدراوە.
لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق، سامر غەزبان ڕایگەیاندووە: من نەچوومەتە نێو هیچ دانووستاندنێک لەنێوان هەرێم و عێراق و ئاگاداری ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نیم، بەڵام ئەوەی لە بودجە دەچەسپێندرێت، هەناردەکردنی بڕی 250 هەزار نەوتە لەلایەن هەرێمەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: وەزیری نەوت وتوێتی: کارکردن لەسەر دروستکردنی بۆرییەکی نەوت لە کەرکووک بۆ #موسڵ# و پیشخابوور بەردەوامە بۆ ئەوەی له ئەگەری بوونی هەر گرفتێک، ئەوا عێراق بتوانێت ڕۆژانە یەک ملیۆن نەوت هەناردە بکات.[1]
#13-01-2019#