لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوەوە کارکردن لە پڕۆژەی تونێلی #پیرمام# دەستیپێکردووەتەوە، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی پارێزگای #هەولێر#ە و بە تەواوبوونی قەرەباڵخی سەر ڕێگەی پیرمام کەمدەبێتەوە.
بڕیاروابوو لە کۆتایی ساڵی 2015 پڕۆژەکە تەواوببێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی #داعش#ەوە کارکردن لە پڕۆژەکە وەستابوو. ئێستاش کە کارکردن دەستیپێکردووتەوە، کەشوهەوا ڕێگرە لە کارکردنی بەردەوام لە پڕۆژەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 85%ی تەواوبووە.
تونێلی پیرمام سەنتەری شاری هەولێر بە شەقڵاوە و دەشتی هەریرەوە دەبەستێتەوە. درێژی ڕێگەکە هەشت کیلۆمەترە. تونێلەکە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 148 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت و کۆمپانیای ئیلیجی تورکی جێبەجێی دەکات. سیستمێکی هەواگۆڕکێ و ڕووناکی پێشکەوتووی بۆ دانراوە.
ئامانجی دروستکردنی تونێلەکە ئەوەیە ئەو قەرەباڵخییە زۆرەی لە ڕێگەی پیرمام هەیە کەمببێتەوە، بە تەواوبوونی ئیدی شۆفێران پێویستیان بەوە نییە بە لۆفەکانی پیرمامدا سەربکەون، بەڵکو بە ڕێگەیەکی کورت و کاتێکی کەمتر دەگەنە شەقڵاوە.[1]
#13-01-2019#