نزیکەی 20 هەزار کارگوزار، باخەوان و پاسەوان لە نزیکە 6800 قوتابخانەی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئەو ژمارەیە کەمترە لە پێداویستی قوتابخانەکان بە کارمەندی بەشی خزمەتگوزاری، لەکاتێکدا ساڵانە 200 کارگوزار لە #سلێمانی# خانەنشین دەکرێن، بەڵام لە ساڵی 2009ەوە هیچ کارگوزارێک لەو پارێزگایە دانەمەزاوە.
لە چەند قوتابخانەیەک مامۆستایان بە پارەی خۆیان کارگوزاریان بۆ قوتابخانەکەیان دامەزراندووە تاوەکو نەبوونی کارگوزار کاریگەری لەسەر قوتابخانەکەیان دروستنەکات.
ساڵانە نزیکەی 200 کارگوزار و باخەوان و پاسەوان لە پەروەردەی سلێمانی خانەنشین دەبن، بەڵام کەس لە شوێنی ئەوان دانامەزرێت. ئەوەش کاریگەری کردووەتەسەر قوتابخانەکان، بەشێک لەقوتابخانەکان پاسەوانی نییە. باخچەکان کەمتر خزمەت دەکرێن و کاریگەری لەسەر پاکوخاوێنی قوتابخانەکان کردووە.
ئەحمەد حەمەئەمین، بەڕێوەبەری قوتابخانە لە سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: قوتابخانەکەی ئێمە یەکێکە لەقوتابخانە دێرین و گەورەکانی سلێمانی، سێ لای قوتابخانەکەمان باخە، بەڵام لەساڵی 2009وە کە باخەوانەکەمان خانەنشین بووە، کەس لەبری ئەو دانەمەزراوە، لەو کاتەوە خۆمان پارە بۆ باخەوانەکە کۆدەکەینەوە. لەکاتی قەیرانەکەشدا هەر خۆمان پارەمان پێدەدا.
جگە لەوەی لەساڵی 2011 وە، هیچ کارگوزار و پاسەوان و باخەوانێک دانەمەزراوە، هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی بۆشایی لە قوتابخانەکاندا، دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی فەرمانبەران بەشێوازێکی خراپ، هەندێک شوێن چەند پاسەوان و خزمەتگوزارێکیان هەیە و هەندێک شوێن هەیە هیچیان نییە.
#مەریوان# عومەر، گوتەبێژی پەروەردەی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: پێشتر لەکاتی دابەشکردنی فەرمانبەراندا هەڵەمان هەبوو بۆ نموونە هەندێک شوێن هەبوو حەوت کارگوزار و چەند پاسەوانی هەبوو، هەرچەندە ئەوەمان چارەسەرکرد و دابەشمانکرد، بەڵام ئەوەش نەبووە چارەسەر بەڵکو بەشێکیان بەهۆی تەمەنەوە خانەنشین بوون، چارەسەر ئەوەیە لەفەرمانگەکانی دیکە کە فەرمانبەریان زۆرە ڕاژەیان بگوازنەوە بۆ #وەزارەتی پەروەردە#، ڕەنگە ئەوان بۆ ئێستا کارێکی باش بێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، 6788 قوتابخانە هەن، 19556 کارگوزار و پاسەوان و باخەوان کاری تێدادەکەن.[1]
#16-01-2019#