دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەباری ڕەوشی ڕۆژنامەگەری ئاشکرایکردووە کە ساڵی 2018 ساڵێکی خراپ بووە بۆ ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستان و تیایدا 264 ڕۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی سکاڵایان لای سەنتەرەکەیان تۆمارکردووە کە پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی کانونی دووەم شنە بەرزنجی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەنتەری میترۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە #هەولێر# ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو ڕەوشی ئازادی و کارکردنی ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستان پاشەکشەیکردوە و 264 دەزگا و ڕۆژنامەنوس سکاڵایان لای ئێمە تۆمارکردووە کە پێشیلکاری بەرامبەر بە 349 ڕۆژنامەنوس کراوە.
رونیشیکردەوە کە لە کۆی ئه و پێشێکاریانە 188 حاڵەتی ڕێگری و جیاکاری بوون و 24 ڕۆژنامەنوسیش بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەرکراون ئەوە جگە لەوەی 17 حاڵەتی دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگا، 13 حاڵەتی لێدان لە ڕۆژنامەنوسان و 12 حاڵەتی بریندارکردنی ڕۆژنامەنوسان و سێ حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنوس هەبووە.
شنە بەرزنجی، وتیشی: هەر لە ساڵی 2018 بەپێی سکڵاکانی لای ئێمە 24 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسی، 27 حاڵەتی هەڕەشە و سوکایەتی بە ڕۆژنامەنوس و سێ حاڵەتی تەقەکردن و هێرشکردن بۆسەر ماڵی ڕۆژنامەنوسان هەبووە و یەک کەناڵیش سوتاوە و پێنج دەزگاش پەخشەکانیان ڕاگیراوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا زیا بوترس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: جێگای داخە بەپێی ڕاپۆرتەکان پێشیلکاری و هێرش و لێدان لە ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان لەهەڵکشاندایە بەتایبەتیش ساڵی ڕابردوو.[1]
#17-01-2019#